"گرنگ فستق هیچی لێنەیەت"
بێریڤان هاندەری سەرسەختی بەرازیلە و فڕی بەسەر رەنگی جلەکانیشیانەوە نییە
964+
دیلان محەمەد- سلێمانی
بەزمەکانی مۆندیال تەواو نابێت و ئەمجارەیان لەبری کارە هونەرییەکانیان هونەرمەندان دەدوێنین دەربارەی مۆندیال، بێریڤان سەربەستیش دەڵێت، من تەنیا بۆ خۆشی سەیری یاریی ئەکەم و هاندەری بەرازیلم.
بێریڤان سەربەست، ئەکتەری سلێمانی بە پێکەنینەوە دەڵێت، ئەو هێشتا لە یادی منداڵیدا ماوەتەوە و بە ڕێژەی %95 هاندەری بەرازیلە، بەڵام کاتێک پەیامنێر پرسیاری لێدەکات، نە ناوی یاریزانەکان دەزانێت و نە ڕەنگی جلەکانیشیان بە باشی جیادەکاتەوە، ئەو بە ڕاشکاوی دەڵێت: “من جاری وا هەیە ناوی خۆشم بیردەچێتەوە، چۆن ناوی یاریزانەکانم بیربمێنێت؟ ئەگەر بەرازیلیش بدۆڕێت، یەکسەر دەبمە هاندەری ئەرجەنتین”
لەپاڵ باسی مۆندیال و کارە هونەرییە نوێیەکانیدا، بێریڤان چیرۆکێکی کۆمیدی و سەیری خۆی و پشیلەکەی بەناوی “فستق” دەگێڕێتەوە، ئەو بەهۆی فستقەوە کەوتووە و دەستی بریندار بووە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت: “دڵم بە لای پشیلەکەمەوە بوو، گرنگ ئەوەیە فستق هیچی لێنەهاتبێت و سەلامەت بێت، من کێشەم نییە”
پێداچوونەوە: پەری ساڵح