بە کۆڵ هێنایاننە خوارەوە

دوای 24 کاتژمێر گیرخواردنیان؛ 3 گەشتیاری عەرەب لە چیای سەگرمە رزگار کران

964+

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، تیمەکانیان بە هاوبەشی لەگەڵ تیمەکانی بەرگریی شارستانی، توانیویانە 3 گەشتیار رزگار بکەن کە لە چیاکانی سنووری ناحیەی سەنگاو ون ببوون.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، رووداوەکە کاتێک روویداوە کە 3 گەشتیاری بەنەتەوە عەرەب، کە دانیشتووی پارێزگاکانی خوارووی عێراقن، بە مەبەستی گەشت سەردانی ناوچەی “کرپچنە”ـیان لە ناحیەی سەنگاو کردووە، بەڵام بەهۆی نەشارەزاییان لە جوگرافیای ناوچەکە، لە چیای سەگرمە رێگە ون دەکەن و ناتوانن بگەڕێنەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستبەجێ دوای پێگەیشتنی زانیاری و بیستنی هەواڵەکە، مەفرەزەیەکی هاوبەشی بنکەی پۆلیسی دارستانی سەنگاو و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سەنگاو بەرەو چیای سەگرمە بەڕێکەوتن بۆ بەهاناوەچوونی ئەو گەشتیارانە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پاش ئەوەی ئەو 3 گەشتیارە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر لە چیاکەدا گیریان خواردبوو، دواجار لەلایەن هێزە هاوبەشەکەوە دۆزرانەوە و بە سەلامەتی ڕزگار کران و گەڕێندرانەوە بۆ ناو ئاوەدانی.