8ی مارسە

سه‌رۆكی هه‌رێم داوا ده‌كات لایه‌نه‌كان ژنان بۆ هه‌ڵبژاردن كاندید بكه‌ن


ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ رۆژی جیهانیی ژناندا په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و داوا ده‌كات، له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی كوردستاندا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان گرنگیی زیاتر به‌ كاندیدكردنی ژنان بده‌ن.

په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، ئه‌مڕۆ 8.3.2024 له‌ ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و تێیدا وێڕای پیرۆزبایی له‌ ژنانی كوردستان و عێراق و جیهان به‌بۆنه‌ی 8ی مارسه‌وه‌، هاوكات داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات، له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتوودا گرنگیى زیاتر به‌ كاندیدكردنى ژنان بده‌ن بۆ په‌رله‌مان.

سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ڵێت، به‌بێ ئازادی و یه‌كسانی و مافه‌كانی ژنان، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ئازاد و شارستانی و  پێشكه‌وتوو، كه‌ ئارام و ئاسووده‌ بێت، نایه‌ته‌دی.