وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی ئایاری رەوانەی بەغدا دەکات

964+

وریا فەتاح

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی ئایار و راپۆرتی دارایی مانگی رابردوو رەوانەی بەغدا دەکرێت، هاوکات روونکردنەوەش لەسەر داهاتە نانەوتییەکان دەدات.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتەکە کە ئەمڕۆ چوارشەممە (20ـی ئایاری 2026) بڵاوکراوەتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێم، لیستی مووچەی مانگی ئایاری سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران، لەگەڵ راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسان، رەوانەی بەغدا دەکات. بڕیاریشە سبەی پێنجشەممە ئەو دۆسیانە بە فەرمی رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی بکرێن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دارایی هەرێم روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە دیاریکردن و ناردنی داهاتە نانەوتییەکانی مانگی ئایار بۆ حکومەتی فیدراڵ خستووەتەڕوو.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە رووی ژمێریارییەوە، دیاریکردنی داهاتی نانەوتیی پەیوەستە بە راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە. بۆیە تا کۆتایی مانگی ئایار و گەیشتنی سەرجەم داتاکان لە یەکە ژمێریارییەکانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ژمێرکاری، بڕی کۆتایی داهاتی ئەم مانگە و ئەو پشکەی کە دەبێت بدرێتە حکومەتی فیدراڵی، بە روونی دەرناکەوێت و دیاری ناکرێت.