ئاهەنگەکەش دووبارە دەکرێتەوە
ئاسایشی سلێمانی تێکدەرانی ئاهەنگەکەی هەواری شاری دەستگیرکرد
وریا فەتاح
دامەزراوەی “ساڵ” روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ئاهەنگەکەی شانۆی رۆمانی لە پارکی هەواری شاری سلێمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو کەسانەی ببوونە هۆی تێکدانی ئاهەنگەکە دەستگیرکراون و رۆژی هەینیش ئاهەنگەکە دووبارە دەکرێتەوە.
بەپێی روونکردنەوەکەی دامەزراوەی ساڵ، لە دووەم رۆژی جەژنی قورباندا ئاهەنگێکی خۆرسکی جەماوەری بەبەشداری چەند هونەرمەندێکی میللی بۆ خەڵکی سلێمانی رێکخرابوو، کە زیاتر لە 10,000 بەشداربووی هەبوو، بەڵام ژمارەیەک کەس بوونە هۆی تێکدانی ئاهەنگەکە.
دامەزراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لەبەر سەلامەتی گیانی بەشداربووان، دەستبەجێ ئاهەنگەکەیان کۆتایی پێهێناوە، هەروەها سوپاسی هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی دەکەن کە لەسەر ئەم دۆسیەیە چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە و رووبەڕووی یاسایان کردوونەتەوە.
جەختیشکراوەتەوە کە رۆژی هەینی داهاتوو 5.6.2026، ئاهەنگەکە لە کەشێکی خێزانی و بە رێوشوێنێکی گونجاوتر دووبارە دەکرێتەوە.