قەزاکە چاوەڕێی زیاترە
بازیان دەبێتە خاوەنی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا
964+
پێشەوا محەمەد
وا بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا قەزای بازیان ببێتە خاوەنی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا، قایمقامی قەزاکە دەڵێت، کردنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە چوارچێوەی تەواوکردنی رێکاری بەقەزابوونی بازیانە.
پێشتر بەشی پۆلیسی بۆ کرایەوە و لە چاوەڕوانی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و دادگایەکی لێکۆڵینەوەدایە.
ئیسماعیل ئەحمەد، قایمقامی قەزای بازیان بە 964ـی راگەیاند، پێشتر بنکەی کارەبایان هەبووە و سەر بە کارەبای قەزا و ناحیەکان بوون، بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا راستەوخۆ سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای پارێزگای سلێمانی دەبێت.
وتیشی، “کردنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە چوارچێوەی تەواوکردنی هەیکەلی ئیداریی بازیانە دوای بوونی بە قەزا و هێشتا ژمارەیەک بەڕێوەبەرایەتی و بەشی دیکە ماون بۆ قەزاکە بکرێنەوە”.
قەزای بازیان لە پێنج شارۆچکە و 58 گوند پێکدێت و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 80 هەزار کەسە و لە ناوەندی قەزاکە نۆ هەزار هاوبەشی کارەبا هەیە.
“لە دوای کردنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە سەرجەم کاروبارەکانی کارەبا لە بازیان دەکرێت و پێویستی بە سلێمانی نابێت”، قایمقامی قەزاکە وای وت.