چیی تێدا کراوە؟
کتێبخانەی گشتیی سلێمانی بە بەرگێکی نوێوە ئامادەیە
964+
پێشەوا محەمەد
نۆژەنکردنەوەی کتێبخانەی گشتیی سلێمانی تەواو بووە و هەفتەی داهاتوو بە بەرگێکی نوێوە بە رووی سەردانکەرانیدا دەکرێتەوە.
لە نۆژەنکردنەوەکەدا هۆڵێکی نوێ بۆ خوێندنەوە دروستکراوە بەناوی شێخ نوری شێخ ساڵح، هەموو پێداویستییەکی ساردی و گەرمی و کورسیی باشی بۆ تەرخانکراوە، هاوکات بڕیارە سەرجەم بیناکە نۆژەن کراوەتەوە و بۆیاخ کراوە و سەقفی بیناکەش چاک کراوە کە کێشەی ئاودانی هەبووە پێشتر.
ئالان رەئوف، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، شێوازی باخچەکەی دەرەوەی کتێبخانەی گشتی گۆڕاوە و چیمەنە کۆنەکەی لابراوە و چیمەنی نوێی بۆ هێندراوە، هەروەها تەواوی رووناکییەکانی کتێبخانەکە نوێکراوەتەوە.
وتیشی، “هەفتەی داهاتوو هەموو وردەکارییەکی کاری نۆژەنکردنەوەکە تەواو دەبێت و بیناکە و کتێبخانەکە کە زیاتر لە 150 هەزار سەرچاوەی تێدایە بە شێوە نوێیەکەی بە رووی خوێنەران و سەردانکەران و توێژەراندا ئامادە دەبێت”.
کتێبخانەی گشتیی سلێمانی ساڵی 1948 دامەزراوە، لە ساڵی 1965ـەوە ئەو شوێنەی بۆ دیاریکراوە، کە ئێستا لێیەتی و چەند جارێک بیناکەی دروستکراوەتەوە و نۆژەنکراوەتەوە.