بەرپرسانی باڵا دەبینێت
سبەی قالیباف سەردانی بەغداد دەکات
فەرهاد حەسەن
ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویکردووەتەوە کە سبەینێ چوارشەممە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی (پەرلەمان)ی ئێران، بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغدا.
بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆببێتەوە و زنجیرەیەک گفتوگۆ ئەنجام بدات، کە گرنگترینیان بریتین لە، پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تاران و بەغداد و تاوتوێکردنی دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە.
بەپێی ئاژانسەکە ئێرانییەکە، بەهێزکردنی هاوکاریی ستراتیژی و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و هەماهەنگی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و فراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان و جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننامانەی کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کراون، بابەتی دیکەی سەردانەکەی قالیباف دەبن بۆ عێراق.
ئەم سەردانە قالیباف لە کاتێکدایە کە ناوچەکە و عێراق بە بارودۆخێکی هەستیاری ئەمنیی و سیاسییدا تێپەڕدەبن و هەردوو وڵات دەیانەوێت هەماهەنگییەکانیان لە ئاستە باڵاکاندا پتەوتر بکەن.