لێخوڕینی پایسكل له‌ شه‌قامه‌كانی 120 و 150 مه‌تری قه‌ده‌غه‌ كرا

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

پۆلیسی هاتوچۆی هه‌ولێر رایگه‌یاند، لێخوڕینی پایسكل به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ شه‌قامه‌ خێراكانی 120 و 150 مه‌تری قه‌ده‌غه‌یه‌ و مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر گیانی پایسكلسواران.

عه‌قید هێمن حه‌مه‌دئه‌مین وته‌بێژی پۆلیسی هاتوچۆی هه‌ولێر به‌ 964ی راگه‌یاند، بڕیار درا هاتوچۆی پایسكل له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی 120 و 150 مه‌تری قه‌ده‌غه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و دوو شه‌قامه‌ هێڵی خێران و ناكرێت پایسكل به‌وێدا هاتوچۆ بكه‌ن.

وتیشی، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ پایسكلسواران دووچاری مه‌ترسی و رووداوی كاره‌ساتبار ببنه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و بڕیاره‌ له‌ پێناو پاراستنی گیانی ئه‌وانه‌.
له‌ شه‌قامه‌كانی 120 و 150 مه‌تری، جگه‌ له‌ هاوڵاتی ئاسایی، زیاتر وه‌رزشوانانی پایسكلسواری مه‌شق و پێشبڕكێ ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش وته‌بێژی پۆلیسی هاتوچۆی هه‌ولێر وتی، ئه‌گه‌ر وه‌رزشوانانی پایسكلسواری داواشمان لێ بكه‌ن رێگه‌یان پێناده‌ین له‌وێ مه‌شق و پێشبڕكێ بكه‌ن، چونكه‌ مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ژیانیان و بۆی هه‌یه‌ كێشه‌ بۆ رێڕه‌وی هاوتوچۆی ئۆتۆمبێله‌كان دروست بكه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ی وه‌رزشوانانی پایسكلسواری به‌كۆمه‌ڵ مه‌شق ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش زیاتر مه‌ترسی دروست ده‌كات.
شه‌قامه‌كانی 120 و 150 مه‌تر، دوو شه‌قامی گه‌وره‌ و بازنه‌یین، كه‌ به‌ ده‌وری شاری هه‌ولێردا دروست كراون، هه‌روه‌ها هه‌ردوو شه‌قام هێڵی خێران.

رێگای فڕۆکەخانە و 120 مەتری خۆش بوو

رێگای فڕۆکەخانە و 120 مەتری خۆش بوو