لە رێگەی تۆمارکردنی ئەلیکترۆنییەوە
جوتیارانی مەخمور بە چەند رێنماییەک گەنمی ئەمساڵیان لێوەردەگیرێت
فەرهاد حەسەن
هۆبەی کشتوکاڵی مەخمور ئاگادارییەکی سایلۆی قەزاکەی سەبارەت بە تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی پێشوەختە بۆ وەرگرتنی گەنم، بۆ جوتیاران بڵاوکردووەتەوە و داوایان لێدەکات پابەندبن بەم رێنماییانەی بۆ رێکخستنی پرۆسەی بەبازاڕکردن بۆیان داندراوە.
ئاگاداری جوتیاران کراوەتەوە کە تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی پێشوەختە لە ئێستاوە دەستپێدەکات، واتە 24 کاتژمێر پێش کردنەوەی ناوەندی بە بازاڕکردن. تۆمارکردن تەنیا لەلایەن جوتیاران خۆیانەوە دەکرێت.
ئەگەر جوتیار ئۆتۆمبێلی ئامادەی بۆ گواستنەوە هەبوو، پێویستە هەموو زانیارییەکانی ئۆتۆمبێل و شۆفێر بە تەواوی و دروستی لە کاتی تۆمارکردنی ئەلیکترۆنیدا بنووسێت.
ئەگەر لە کاتی تۆمارکردنەکەدا ئۆتۆمبێلی ئامادەی نەبوو، پێویستە جوتیار زانیاری تەواوی شۆفێر و ئۆتۆمبێل پێش چوونە ناو ناوەندی بەبازاڕکردن تۆمار بکات. ئەمەش لە ڕێگەی نوێکردنەوەی زانیارییەکانی تۆمارکردن لە سیستەمی ئەلیکترۆنیدا دەبێت و رێگە بە هیچ ئۆتۆمبێلێکیش نادرێت بچێتە ژوورەوە ئەگەر زانیارییەکانی پێشتر تۆمار نەکرابێت.
سایلۆ تێبینییەکیشی بۆ جوتیاران نووسیوە، کە تۆمارکردنی پێشوەختە ناچارییە و بەبێ تۆمارکردن هیچ بەرهەمێک وەرناگیرێت، داوایان لێدەکات دڵنیابن لە دروستی ژمارەی مۆبایل و زانیارییەکان بۆ ئەوەی نامەی پشتڕاستکردنەوەی کاتەکەیان پێبگات.