قەولیان پێ دراوە کێشەکەیان چارەسەر ببێت

جوتیارانی خورماتوو خێوەتەکەیان لابرد و رێگاکەیان کردەوە

سیروان خورشید -خورماتوو

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین چووە لای جوتیارانی خورماتوو و قەولی پێدان کێشەکەیان چارەسەر بکات، ئەوانیش بەو وەعدە رێگاکەیان کردەوە.

لە بەیانییەوە جوتیارانی خورماتوو رێی نێوان قەزای خورماتوو – داودەیان داخستبوو، کێشەیان لەگەڵ بازگەی (چینکۆکە) بوو دەڵێن رێگری زۆرمان بۆ دروست دەکات و پارەیان لێ وەردەگرێت تا رێیان بدات بەروبوومەکانیان ببەنە سایلۆی خورماتوو.

جوتیارەکان خێوەتیان هەڵدابوو، دەیانووت هەتا کێشەکەمان چارە نەکرێت، هیچ جوڵەیەک ناکەین.

لە ئێوارەدا عیماد عوبێد مالیکی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین، چووە لای جوتیارەکان و وەعدی پێدان ئەو کێشە نامێنێت، ئەوانیش لەسەر ئەو قسەیە خێوەتەکەیان لابرد و رێگاکەیان کردەوە.

مەسعود نەجمەدین، نوێنەری جوتیارانی ناڕازی، بە 964 وت: ”پێی وتین چیتر ئەو بازگەیە رێگری لە جوتیاران ناکات، ئێمەش رازیبووین رێگاکە بکەینەوە و خێوەتەکە لابدەین”.

بەیانی ئەمڕۆ، کاتی مانگرتنەکە، پەیامنێری 964 قسەی لەگەڵ یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، کرد. ئەویش کێشەکەی بەم شێوەیە روونکردەوە: ئەم جوتیارانە سەر بە فەرمانگەی کشتوکاڵی ناحیەی سلێمان بەگن، بەڵام ئەو فەرمانگەیە ناوی جوتیارانی نەناردوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار، کە ژمارەیان 350 جوتیارە، بۆیە ئەم کێشەیەیان بۆ دروست بووە. ئیتر لە سیستەمی وەرگرتنی گەنم ناویان نییە و بازگەکە رێی تێپەڕبوونیان پێ نادات.