200 یەکەیان بۆ ئەوانە
دواى کەمئەندامان، کورتە باڵاکان یەکەی نیشتەجێبوون دەکڕن
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی سلێمانی، 200 یەکە بۆ کورتەباڵاکانی سنوری پارێزگای سلێمانی دابینکرا و بەشێوەی قیست و بە تیروپشک ناوەکانیان ئاشکرادەکرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە 20.2.2024، عومەر جەبار سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان/ سلێمانی بە 964 وت، رەزامەندی پڕۆژەی شا ستی وەرگیراوە بۆ پێدانی 200 یەکەی نیشتەجێ بوون بە کورتەباڵاکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و بە نرخێکی کەمتر مامەڵەکانیان بۆ دەکرێ.
رووبەری یەکەکان، 101 مەتری و 130 مەتری و 187 مەتری تێدایە، بەڵام بڕیارە لە یەک رووبەردا سەرجەم ناوە خوازراوەکان یەکەکانیان پێ بدرێت، بە وتەی عومەر کەریم بێت، قیستی یەکەکان بە پێشەکی پێنج هەزار دۆلار (50 وەرەقە) و مانگانەی 125 هەزار دینار دەبێت.
سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان/ سلێمانی، ئەوەشی وت، مەرجی پێدانی یەکەی نیشتەجێبوون، دەبێت خوازیار ئەندام بێت لە کۆمەڵەکەیان و بە بەڵگەی پزیشکی بیسەلمێنێت کورتەباڵایە و پێشتر سوودمەند نەبووبێت.
یەکەکان دەکەونە ناو پڕۆژەی شا ستی، لە گەڕەکی قولەڕەیسی و نزیک کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی.
ئەوە لە کاتێکدایە، لە سلێمانی و لە ناوچەی قولەڕەیسی، دوو تاوەر لە پڕۆژەی ژیانەوە لە تەواوکردندان، کە کۆی پڕۆژەکە هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە و 24%ی بە کەمئەندامانی سنووری پارێزگای سلێمانی دراوە و لە رێگەی فۆڕمەوە دابەشدەکرێ.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا
کورتەباڵاکان لە رۆژانی هەڵبژاردندا کێشەی دەنگدانیان هەیە