محەمەد مەحمود، قائیمقامى قەزاى بێجى بۆ 964:

لەسەر گەندەڵى هێزێکى دژە تیرۆر 3 کارمەندى پاڵاوگەى بێجى دەستگر کرد


سیروان خورشید – دوزخورماتوو

ئێوارەی ​ئەمڕۆ یەکشەممە 5.7.2026 هێزێکی دژەتیرۆری عێراق بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی هەڵمەتێکیان بۆ سەر پاڵاوگەی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین ئەنجامدا و سێ کارمەندی پاڵاوگەکەیان دەستگیرکرد.

محەمەد مەحمود، قایممقامى قەزای بێجی بە964ـی وت،” ئێوارەی ئەمڕۆ هێزێکی تایبەتی دژەتیرۆر کە لە بەغداوە هاتبوون، هەڵیانکوتایە سەر پاڵاوگەی بێجی و توانییان سێ کارمەندی نێو پاڵاوگەکە دەستگیر بکەن.

​وتیشی،”دەستگیرکراوەکان بەهۆی تێوەگلانیان لە دۆسیەکانی گەندەڵی دەستگیرکراون و دوای تەواوبونی پرۆسەکەش، هێزەکە دەستگیرکراوەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بەرەو بەغدا بردووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە یەکەمین جار نییە و لەو کاتەوەی بریکاری وەزیری نەوت گیراوە، هێزەکانی بەغدا بەردەوامن لە چاودێریکردنی ناوچەکە و هەر بەرپرس یان کارمەندێک تێوەگلابێت لە دۆسیەکانی گەندەڵی، راستەوخۆ دەستگیر دەکرێت.
ئەم هەنگاوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە بەرفراوانەدایە کە حکومەتی عێراق بۆ رووبەڕوبونەوەی گەندەڵی دەستی پێکردووە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح