لە 159 حاڵەت 20 یان خرانە ژێر چاودێری
لە پیرمام کەمپینێکی چوارهەفتەیی بۆ ژنانی تووشبووی شێرپەنجەی مەمک بەڕێوەچوو
فەرهاد حەسەن
لە قەزای پیرمامی سەر بە هەولێر، کەمپینێکی چوارهەفتەیی بۆ ژنان و کچان بەڕێوەچوو، بۆ دلنیابوونەو لەوەی کە ئاخۆ تووشبووی شێرپەنجەی مەمکن یاخود نا، بۆ ئەمەش ئامێری تیشکی تایبەتیان بۆ بەکاردەهێندرێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی نەخۆشخانەکە، کەمپینەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستی و سەنتەری پەرەپێدانی پەرستاری و مامانی (NMDC) بەڕێوەچووە و تیایدا دەستنیشانی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک دەکەن.
لە کۆی 159 حاڵەت کە بە ئامێری (مامۆگرافی) پشکینەکەیان بۆ کراوە 20 حاڵەت پێویستیان بە چاودێری و هەڵسەنگاندنی پزیشکیی زیاتر هەبوو.
نەخۆشخانەی پیرمام دەڵێت، ئەم ئەنجامانە گرنگیی پشکنینی پێشوەختە دەخەنەڕوو و رۆڵی کاریگەر دەبینن لە دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک کە چارەسەرکردنی لە قۆناغەکانی سەرەتایدا زۆر ئاسانترە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لە پلانی نەخۆشخانەکەدایە، لە داهاتوودا ئەم کەمپینە دووبارە بکرێنەوە بۆ زوو دەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشییە و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تەندروستی کۆمەڵگا.