2028 تەواو دەبێت

بە تێچووی 579 ملیۆن دۆلار؛ دەستکرا بە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی وێستگەی ئاوی قورسی هەولێر

964+

وریا فەتاح

وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی و پاکڕاگرتنی ژینگە، دەستکرا بە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی قورسی هەولێر، کە لەلایەن کۆمپانیای ئاوزانەوە جێبەجێ دەکرێت.

پارێزگاى هەولێر وردەکاریی و ئامارەکانی پڕۆژەکەى بەم شێوەیە خستووەتەڕوو:

-پڕۆژەکە بە بودجەی 579 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت، لە ماوەی 60 رۆژی سەرەتای دەستبکاربوونیدا بەبێ هیچ دواکەوتنێک گەیشتووەتە رێژەی پێشکەوتنی 2%.

-تەواوی پڕۆژەکە لە 4 قۆناغ پێکدێت، لەسەر رووبەری 225 دۆنم زەوی لە نزیک گوندی (عەرەب کەند) لە رۆژئاوای هەولێر دروست دەکرێت، لە کۆتاییدا توانای پاککردنەوەی 840 هەزار مەتر سێجا ئاوی لە رۆژێکدا دەبێت، بەڵام ئەوەی ئێستا دەستیپێکردووە تەنیا قۆناغی دووەمە.

-ئەم قۆناغە لەسەر رووبەری 56 دۆنم زەوی دروست دەکرێت و توانای چارەسەرکردنی 210 هەزار مەتر سێجا ئاوی دەبێت لە ڕۆژێکدا.

-ماوەی دیاریکراو بۆ پڕۆژەکە 730 رۆژە. گرێبەستەکەی لە 25ی شوباتی 2026 واژوو کراوە و لە 1ی نیسانی 2026 شوێنی کارەکە رادەست کراوە. بڕیارە لە 1ی نیسانی 2028 بە تەواوی کۆتایی بێت.

پارێزگاى هەولێر دەڵێت: بەپێی راپۆرتی 1ی ئایاری 2026، تێکڕای کاتی تێپەڕبوو 8.2% بووە کە دەکاتە 60 رۆژ، واتە هێشتا 670 رۆژ ماوە بۆ کارکردن.

پێکهاتەی پڕۆژەکە: لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت:

دروستکردنی وێستگەکە: کە لە 20 بەشی جیاوازی تەکنیکی پێکدێت (وەک: وێستگەی پەمپکردن، حەوزی لمی، حەوزەکانی نیشتن، هەواگۆڕکێ، دژەپەتایی و کۆنترۆڵکردنی بۆن).
راکێشانی بۆڕیی سەرەکی: بە درێژیی 21930 مەتر و بە تیرەی 2800 ملم و 1500 ملم، کە ئاوەڕۆ لە 6 دەرچەی شەقامی 120 مەترییەوە بۆ وێستگەکە دەگوازێتەوە.