موجته‌با خامنه‌یی فه‌رمانی بۆ ده‌ركرد
سه‌رۆكی ده‌زگای دادوه‌ری ئێران و بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵی دیكەش لە پۆستەکەی ده‌مێنێته‌وه
فەرهاد حەسەن
موجته‌با خامنه‌یی رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه فه‌رمانێكی نوێی ده‌ركرد و غوڵام حسێن موحسینی ئیجه‌یی وه‌ك سه‌رۆكی ده‌زگای دادوه‌ری ده‌ستنیشانكرده‌وه.
ئاژانسی هه‌واڵی فارس بلاویکردووەتەوە، کە موجته‌با خامنه‌یی په‌یامێكی بۆ غوڵام حسێن موحسینی ئیجه‌یی ناردووە و تیایدا رایگه‌یاندوه، کە “به پێی بڕگه‌كانی مادده‌ی 167ی ده‌ستور، تۆ وه‌كو سه‌رۆكی ده‌زگای دادوه‌ری دیاری ده‌كه‌م”.
خامنه‌یی دەشڵێت “هه‌موو ئه‌و داخوازییانه‌ی كه له لایه‌ن رێبه‌ری شه‌هیده‌كه‌مانه‌وه خراونه‌ته‌ڕوو، ئه‌و خاڵانه‌ی له نامه‌كه‌مدا له رۆژی 28.6.2026 دا هاتووه، سه‌ره‌تای رێگایه‌ك بۆ چاكسازی و خۆشگوزه‌رانی و به‌دیهێنانی ده‌سه‌ڵاتێكی دادوه‌ری خوازراو پێكده‌هێنن”.
موجته‌با خامنه‌یی له‌په‌یامه‌كه‌یدا، هیوای خۆی ده‌ربڕی كه “خه‌ڵكی ئێران له به‌رهه‌می ئه‌م كاره سودمه‌ند بن، له سایه‌ی هه‌وڵه دوو هێنده‌كراوه‌كانتان و هاوكاری دادوه‌ران و ئه‌ندامانی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری”.
غوڵام حسێن موحسینی ئیجه‌یی له‌دایكبوی ساڵی 1956، یەکێک لە سیاسه‌توان، مه‌لا و دادوه‌ری ئێرانییه، له 1.7.2021 به فه‌رمانی عه‌لی خامنه‌یی وه‌ك سه‌رۆكی ده‌زگای دادوه‌ریی ئێران دیاریكرا، به‌م فه‌رمانه‌ی موجته‌با خامنه‌ییش جارێكی دیكه و بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵی دیكه وه‌ك سه‌رۆكی ده‌زگای دادوه‌ری ده‌مێنێته‌وه.