سووتاندن و مادەی قڕکەر و دزیکردن
پۆلیسی ئاکرێ چوار کەسی بە تۆمەتی جیاواز دەستگیر کرد
فەرهاد حەسەن
پۆلیسی ئاکرێ وێنەی چوار کەسی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت سێ لەوانە لەسەر تاوانی دزیکردن و چوارەمیشیان لەسەر سووتاندنی ئۆتۆمبێل و بێستانی هاوڵاتییەک دەستگیرکراون.
گەر بیرتان بێت، چەند رۆژێک لەمەوبەر ئۆتۆمبێلی جوتیارێک لە گەڕەکی سیپەی ئەو قەزایە سووتا، بڵاوبوونەوەی دیمەنەکەی سۆشیاڵ میدیاکانی تەنی بوو، هێندەی پێنەچوو وا بڵاوبووەوە کە بێستانی جوتیارێک بەهۆی رشتنی مادسی قڕکەرەوە هەمووی سووتێندراوە، پۆلیسی ئاکرێ دەڵێت، ئەم دوو رووداوە لەلایەن کەسێکەوە ئەنجام درابوو ئەو کەسەش ئێستا لەبەردەستمانە و ناوی (ب. ص. ع) تەمەن 29 ساڵە.
بەپێی راگەیەندراوێکی پۆلیس ئەو تۆمەتبارە دانی بە تاوانەکەی دا ناوە و هەردوو جۆرە سووتاندنەکە ئەو کردوویەتی، بۆیە دەڵێت، بە فەرمانی دادوەر بەپێی هەردوو مادەی 342 و 479 لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
لەلایەکی دیکەش نوسینگەی نەهێشتنی تاوان بەهەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی ئەو قەزایە توانیان دوو کەس بەناوەکانی (ج. س. م) تەمەن 19 ساڵ و (ا. ا. م) تەمەن 18 ساڵ دەستگیر بکەن، چونکە دەڵێت لە لێواری رووبار و شوێنە گەشتیارییەکان چەند جارێک پارەیان لەنەو ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان دزیوە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیس، تۆمەتبارێکی دیکەشیان لەناو سەنتەری قەزا بەناوی (ئ. ع. ا) تەمەن 20 ساڵ دەستگیرکردووە، کە بە شێوازی جیاواز ئاڵتوونی دزیوە.
ئاماژە بەوەکراوە، ئەم تۆماتبارە بە پێی مادەکانی 446 و 443 دراوەتە دادگا و دەشڵێت دانی بە تاوانەی ناوە.