تەندروستى سلێمانى:

بە لابردنى گرێیەکى 20 سانتیمەترى هیوا بۆ دایکێک گەڕێندرایەوە

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، تیمە پزیشکییەکانی نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێرکاری لە سلێمانی، سەرکەوتوو بوون لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی دەگمەن بۆ ژنێکی گەنج، کە تێیدا گرێیەکی گەورە لە منداڵدانی دەرهێنرا بەبێ ئەوەی زیان بە توانای وەچەخستنەوەی بگات.

بەپێی راگەیەندراوەکەی تەندروستیی سلێمانی، نەخۆشەکە ژنێکی تەمەن 25 ساڵ بووە و بەدەست بوونی گرێیەکی ئێجگار گەورەوە بە قەبارەی 20 سانتیمەتر لەناو منداڵدانیدا ناڵاندوویەتی، کە ببووە رێگرێکی سەرەکی لەبەردەم پڕۆسەی منداڵبوون و مەترسی لەسەر توانای وەچەخستنەوەی دروست کردبوو.

نەشتەرگەرییەکە لەلایەن تیمێکی پزیشکیی پسپۆڕ بە سەرپەرشتی (د. سۆما تاهیر و د. کانی فەرەیدون) و بە هاوکاریی پزیشکانی بێهۆشکاری و کارمەندانی بەشی نەشتەرگەری ئەنجامدراوە.

لەبارەی وردەکاریی پرۆسەکەوە، تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، نەشتەرگەرییەکە پێویستی بە شارەزایی و وردکارییەکی زۆر هەبووە، بەڵام تیمە پزیشکییەکە بە لێهاتووییەکی بەرزەوە توانییان گرێکە بە تەواوی دەربهێنن، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە زیانێک بە شانە و پێکهاتەی منداڵدانەکە بگەیەنن.

لە ئێستادا نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە و تەندروستیی ژنەکە جێگیرە، بەمەش مەترسییەکانی سەر ژیانی نەماوە و هیوای ئەوەی بۆ گەڕاوەتەوە کە لە داهاتوودا ببێتە دایک.