نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاریی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی - وێنە: 964
مانگی رابردوو
لە سلێمانی هەر رۆژێک نزیکەی 600 منداڵ چووەتە نەخۆشخانە
964+
پێشەوا محەمەد
مانگی رابردوو 17 هەزار و 945 منداڵ بردراونەتە نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری د.جەمال ئەحمەد رەشید لە سلێمانی و دوو هەزار و 112یان هێڵدراونەوە، لەو رێژەیە بەرزترینی حاڵەتەکانی هەناسەتووندی بوون.
بە پێی ئامارێک کە 964 لە تەندروستی سلێمانییەوە دەستیکەوتووە، 401 حەڵەتی سکچوون و رشانەوە و وشکبوونەوە و هەزار و هەشت حاڵەتی هەناسەتوندی تۆمار كراوە و 228 منداڵ لە بەشی نەبەكام داخڵ كراون، 152 منداڵ لە بەشی بەدخۆراكی و 275 منداڵ لە بەشی تیشك و دەمار و 156 منداڵ لە بەشی را هێنانەوەی چارەسەری خۆراك بینراون.
هەر لەو ماوەیەدا 13 هەزار و 978 پشكنینی تاقیگەیی جۆراوجۆر و 362 سۆنەر و 103 ئیكۆ ئەنجام دراوە و 436 تیشك گیراوە.
“سەرما و وەرزی زستان لە مانگی رابردوودا هۆکاری بەشێک لە نەخۆشییەکان بووە، حاڵەتەکانی دیکەش مانگانە بە رێژەی کەمتر یان زیاتر لە نەخۆشخانەکە تۆمار دەکرێن”، ئەوە قسەی پشدەر عەبدوڵایە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە بۆ 964.
دەشڵێت، نەخۆشخانەکە بە تەواوی بۆ نەخۆش ئامادەیە و خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر پێشکەش دەکات و بەردەوامیش لە هەوڵی زیاتر و فراوانکردن و کردنەوەی بەشی نوێدان.