تەنیا لەپێش ئەفغانستان و سوریایە

پاسپۆرتى عێراق سێیەم خراپترین پاسپۆرتى جیهانە

وریا فەتاح

ئەگەر پاسپۆرتى عێراقى لە گیرفانتە ئەوە بزانە کە پاسپۆرتەکەت سێیەم خراپترین پاسپۆرتى جیهانە و تەنیا دەتوانى سەردانى 28 وڵات بکەیت بەبێ ڤیزا، سەنگافوراش بۆ دووەم ساڵى لەسەریەک پاسپۆرتەکەى باشترینە.

لە نوێترین پۆلێنی جیهانیدا بۆ هێزی پاسپۆرتی وڵاتان، ریزبەندیەکە نوێیه‌و بۆ ئەمساڵى 2026 کە له‌لایه‌ن henleyglobal بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، گۆڕانکارییەکى ئەوتۆ لە ریزبەندییەکان بەراورد بە پار رووینەداوە، بەڵام پاسپۆرتى عێراق تا دێت خراپتر دەبێت.

بەپێی داتاکانی ناو خشتەی ریزبەندییەکە، باشترین و بەهێزترین پاسپۆرتەکانی جیهان بەم شێوەیەن:

پلەی یەکەم: سەنگافورە، کە هەڵگرانی پاسپۆرتەکەی دەتوانن بەبێ ڤیزا (یان بە ڤیزای کاتی گەیشتن) گەشت بۆ 192 وڵات بکەن.

پلەی دووەم: وڵاتانی ژاپۆن، کۆریای باشوور و میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو (ئیمارات) پێکەوە لەم پلەیەدان، کە هەڵگرانیان دەتوانن گەشت بۆ 188 وڵات بکەن.

پلەی سێیەم: وڵاتی سوید، کە هەڵگرانی دەتوانن بەبێ ڤیزا بچنە 187 وڵاتەوە.

لە دیوەکەی دیکەی ریزبەندییەکەدا، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا زۆرترین پشکیان لە بێهێزترین پاسپۆرتەکانی جیهاندا هەیە. پاسپۆرتی عێراقی لەم پۆلێبەندییەدا لە پلەی 102ـەمیندایە و هەڵگرانی تەنیا دەتوانن گەشت بۆ 28 وڵات بکەن، لە کاتێکدا پار لە هەمان پلەدابوو بەڵام هەڵگرانى پاسپۆرتەکە دەیانتوانى گەشتى 30 وڵات بکەن.

ریزبەندی خراپترین پاسپۆرتەکانی جیهان بەمشێوەیەیە:

یەکەم: ئەفغانستان خراپترین پاسپۆرتى هەیە و پلەى کۆتایى گرتووە و هەڵگرانى ئەم پاسپۆرتە تەنیا دەتوانن گەشتى 22 وڵات بکەن.

دووەم: سوریا لە پلەى 103ى ریزبەندییەکەیە و دووەم خراپترین پاسپۆرتى هەیە کە هەڵگرانى ئەم پاسپۆرتە تەنیا دەتوانن گەشتى 25 وڵات بکەن.

سێیەم: عێراق سێیەم خراپترین پاسپۆرتى هەیە و ریزبەندى 102ى گرتووە و هەڵگرانى ئەم پاسپۆرتە تەنیا دەتوانن بەبێ ڤیزا گەشتى 28 وڵات بکەن، تەنانەت یەمەن پاسپۆرتەکەى لە عێراق باشترە و هەڵگرانى پاسپۆرتەکەى دەتوانن گەشتى 30 وڵات بکەن.

ئەو 28 وڵاتە رێکارەکانیان وەک یەک نییە، بەڵکو دابەش دەبن بەسەر سێ جۆردا (بێ ڤیزای تەواوەتی، ڤیزا لە فڕۆکەخانە، مۆڵەتی ئەلیکترۆنی).لێرەدا لیستی تەواوی هەر 28 وڵاتەکە بەپێی جۆری رێگەپێدانەکە دەخەینەڕوو:

یەکەم: بێ ڤیزا بەتەواوەتی (Visa-Free)
لە کاتی گەشتکردن بۆ ئەم 10 وڵاتە، تەنیا پاسپۆرتەکەت پیشان دەدەیت و دەچیتە ژوورەوە:

مالیزیا (Malaysia)
ئێران (Iran)
لوبنان (Lebanon)
تونس (Tunisia)
هایتی (Haiti)
مایکرۆنیزیا (Micronesia)
سورینام (Suriname)
زامبیا (Zambia)
دۆمینیکا (Dominica)
دوورگەکانی کووک (Cook Islands)
دووەم: ڤیزای کاتی گەیشتن – VOA
بۆ ئەم 15 وڵاتە پێویست بە باڵیۆزخانە ناکات، بەڵکو کاتێک دەگەیتە فڕۆکەخانەی وڵاتەکە، بڕێک پارە دەدەیت و مۆری ڤیزاکە دەدەن لە پاسپۆرتەکەت:
11. ماڵدیڤ (Maldives)
12. کەمبۆدیا (Cambodia)
13. رواندا (Rwanda)
14. ماداگاسکار (Madagascar)
15. ماکاو – سەر بە چین (Macao)
16. ساموا (Samoa)
17. مۆزەمبیق (Mozambique)
18. تیمۆری رۆژهەڵات (Timor-Leste)
19. توڤالو (Tuvalu)
20. جیبوتی (Djibouti)
21. بوروندی (Burundi)
22. دوورگەکانی قەمەر (Comoro Islands)
23. گینیا بیساو (Guinea-Bissau)
24. نیوێی (Niue)
25. دوورگەکانی پالاوا (Palau Islands)

سێیەم: مۆڵەتی گەشتی ئەلیکترۆنی – ETA
ئەمە ڤیزای قورس نییە، تەنیا فۆڕمێکی سادەیە لە ئینتەرنێت پڕی دەکەیتەوە بۆ ئەوەی وڵاتەکە ئاگادار بێت کە سەردانیان دەکەیت:
26. کینیا (Kenya)
27. سریلانکا (Sri Lanka)
28. سیشێل (Seychelles)