دادوەرێک لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی _ وێنە: پێگەی گوگڵ
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بڕیاریدا
لە دەسەڵاتی “دادوەر”ی نەمای بۆت نییە نازناوەکە بەکاربهێنی
ئەحمەد مستەفا
ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەڵێ، نابێت ئەو کەسانەی پۆستیان لە دەرەوەی دەسەڵاتی دادوەری هەیە نازناوی “دادوەر” بەکاربهێنن، رێنمایش دراوە بە دادوەران کە هەماهەنگی لەگەڵ سەندیکای پارێزەران بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20.8.2026، ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە نۆیەمین کۆبوونەوەی خۆیدا، کە بە سەرۆکایەتی دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی دادگای تەمیزی فیدراڵی بوو، چەند بڕیارێکی دەرکرد.
ئەنجومەنەکە تاوتوێی بابەتی بەکارهێنانی نازناوی “دادوەر”ی کرد لەلایەن ئەو کەسانەی کە پێشتر لە دەسەڵاتی دادوەرین کاریان کردووە و دواتر چوونەتە ناو دەسەڵاتی یاسادانان یان جێبەجێکردن یان هەر دامەزراوەیەکی تر.
ئەم بڕیارە پشتبەستراوە بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (66/اتحادية/2021) کە فەرمانی یاسادانانی ژمارە “88”ی ساڵی 2004 هەڵدەوەشێنێتەوە.
لە ئەنجامدا، ئەنجومەن جەختی کردەوە کە ڕێگە نادرێت ئەو کەسانەی ئێستا لە دەرەوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەرین و خاوەنی پلە و پۆستن، نازناوی “دادوەر” بەکاربهێنن.