پارەیان بردووە

دوو فەرمانبەری شارەوانی موسڵ دەستگیرکران

ئەحمەد مستەفا

دەستەی دەستپاکی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستگیرکردنی دوو فەرمانبەری لە فەرمانگەیەکی شارەوانیی موسڵ راگەیاند، ئەوەش بە تۆمەتی دزینی 60 دەفتەری وەسڵی باج و رسومات.

بە مەبەستی بەکارهێنانیان بۆ کۆکردنەوەی پارە بە پێچەوانەی یاساوە و بە گەندەڵی خۆیان پێ دەوڵەمەند بکەن.

دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا کە 964 بینوویەتی دەڵێ، تیمی بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی نەینەوا ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی بۆ دوو فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی موسڵ جێبەجێ کردووە.

تۆمەتباری یەکەم هەستاوە بە دزینی 60 دەفتەری وەسڵی بەتاڵ لە هۆبەی داهاتەکان لە شارەوانی و لە بەرامبەر بڕە پارەیەکدا رادەستی تۆمەتباری دووەمی کردووە، بۆ ئەوەی بۆ دەستکەوتی کەسی بەکاریبهێنن.

وەک دەستەکە باسی دەکات، دەست بەسەر چەندین مۆر، وەسڵ و بڕە پارەیەکدا گیراوە کە لە لای تۆمەتبارەکان بووە، هاوکات پەڕاوی دەستبەسەرداگرتنی یاسایی رێکخراوە و لەگەڵ تۆمەتبارەکاندا رەوانەی بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی موسڵی تایبەتمەند بە دۆسیەکانی دەستپاکی کراون.