لە شێنێ

هاوڵاتیان خۆیان رێگای گوندەکەیان پاک دەکەنەوە

964+

محەمەد عەلی ـــ پشدەر

دانیشتووانی گوندی شێنێ لە قەزای پشدەر، خۆیان هەڵمەتێکیان بۆ کردنەوەی شەقامەکەیان دەستپێکردووە، کە بە هۆی بەرد و دارەی باراناو هێنابوونی گیرابوو، یان ئاستەنگی زۆری دروستکردبوو.

ناوچەکە شاخاوییە و بارانێکی زۆری لێدەبارێت و زستانان بەهۆی ئەو دار و بەردانەی باران دەیانهێنێت چەند جارێک تووشی ئاستەنگی هاتوچۆ دەبن.

ئەحمەد عەبدوڵا، ئەنجومەنی گوندی شێنێ بە 964ـی وت، “داوامان کردووە لە لایەنی پەیوەندیدار، تا ئێستا بەدەممانەوە نەهاتوون، هیوادارین رێگاکەمان بۆ پاک‌ بکەنەوە بەڕاسی ڕێگاکەمان وێرانە”.

ئەوە هەر تەنیا رێگای گوندی شێنێ نییە وایە، بەڵکو رێگای زۆرێک لە گوندەکانی سنوورەکە لە زستاناندا ئەوە حاڵیانە.

ئەبوبەکر وەیسی، بەڕێووبەری ناحییەی هەڵشۆ بە 964ـی راگەیاند، رێگای گوندی شێنێ قیرە و زستانان ئەو کێشەیەی بۆ دروست دەبێت، “تیممان ناردووە و هەرچی پێویست بێت دەیکەین و رێگاکە پاک دەکەینەوە”.

“لەبەرئەوەی ناوچەکەمان شاخاوییە ساڵانە باران و بەفرێکی زۆر دەبارێت، بەرد و خیز دەخلیسکێنە ناو رێگاکان و بەو هۆیەوە ئاستەنگ دروست دەبێت، بۆیە پێویستە ساڵانە پاک بکرێنەوە و هەموو ساڵێکیش پاکمان کردوونەوە بەپێی پێویست”.

شێنێ گوندێکی سەر بە ناحییەی هەڵشۆی قەزای پشدەرە و ژمارەیان 200 ماڵە.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

قەڵادزێ نۆ ساڵە چاوەڕێی رێگایەکی 60 مەترییە

قەڵادزێ نۆ ساڵە چاوەڕێی رێگایەکی 60 مەترییە