بڕیارە و دەرچووە

کارمەندی دەروازەکان دەخرێنەوە سەر وەزارەتی ناوخۆی عێراق

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی ناوخۆی عێراق داخستنی سەرجەم رێگا لاوەکییەکان لە دەروازەکان و گەڕاندنەوەی سەرجەم کارمەندانی دەروازەکانی بۆ سەر وەزارەت راگەیاند.

وەزارەتەکە دەڵێ، فەرمانی بە فەرماندەیی پاسەوانی سنوور کردووە سەرجەم کەلێن ورێگا لاوەکییەکان لە سنوورە وشکانی و دەریاییەکان دابخەن، هەروەها گۆڕانکاری لە پۆستی فەرماندەی لیوا و یەکەکان لەو فەرماندەییەدا ئەنجام بدرێ.

هاوکات بڕیاردراوە سەرجەم ئەو ئەفسەر و کارمەند و فەرمانبەرانەی لە دەستەی دەروازە سنوورییەکان دەوامیان دەکرد، بگەڕێنرێنەوە سەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ، دەبێت ئەم پرۆسەیە لە ماوەی 48 کاتژمێردا و بەبێ جیاکاری جێبەجێ بکرێت.

لەگەڵیدا، داوا لە دەزگا ئەمنییەکان و هەواڵگری کراوە چالاکییەکانیان لەناو دەروازەکاندا چڕ بکەنەوە بۆ رێگریکردن لە تێپەڕبوونی ماددە هۆشبەرەکان و کەلوپەلی قەدەغەکراو، هەر کەموکوڕییەکیش لەو رووەوە رووبدات، دەزگا ئەمنییەکان بەرپرسیارێتی یاسایی هەڵدەگرن.