تۆپباران دەکرێ

باشووری لوبنان هەر دەكوڵێ و لە دوێنێوە 16 کەس مردوون

ئەحمەد مستەفا

لە ئەنجامی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی سوپای ئیسرائیل سەرەڕای لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران کاته‌کانی شەو كردیه‌ سەر پارێزگای نەباتییەی باشووری لوبنان، 16 کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئەوە لە حاڵێکدا، بۆ ماوەی 45 رۆژ ئاگربەست درێژ کراوه‌تەوە و لێكتێگه‌یشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران هەیە کە بەرەی لوبنانیش دەگرێتەوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فەڕمی لوبنان NNA، فڕۆکە جه‌نگییەکانی ئیسرائیل کاتەکانی شەو شاری نەباتییە و ناوچه‌كانی کەفەر جوز، کەفەر تبنیت، نەباتییەی سه‌روو، حاووف، شەڕقییە، دوێر، قوسەیبە، کەفەردجال، عادشیت، تول و جەبشیتیان کردووەتە ئامانج.

هاوكات تۆپخانەکانی ئیسرائیل بە خەستی شاری نەباتییە، ناوچەی کەفەر جوز، دەوروبەری کەفەر ڕوممان، زبدین، نەباتییەی سه‌روو، حەبوش، سەجید، جەبەل ڕافع، کەفەر سیر، قوسەیبە و جەبشیتیان تۆپباران کرد.

لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی فڕۆکەکانی ئیسرائیل کردیانە سەر گەڕەکی جامیعەت لە ناوەندی شاری نەباتییە و ناوچه‌كانی کەفەر جوز و حاروف هه‌شت کەس گیانیان لەدەستدا، هەروەها بەهۆی هێرشێکی ئاسمانییەوە کە ناوچەی ئەشمەعییەی نێوان ناوچه‌كانی شەڕقیە و دوێری کردبووە ئامانج، چوار کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا.

لە هێرشێکی ئاسمانیی دیكه‌دا بۆ سەر ناوچه‌ی کەفەر سیر سێ کەس و لە هێرشێکی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلیشدا بۆ سەر ماتۆڕسکیلێک لە نزیک دوێر، کەسێکی دیکە گیانی لەدەستدا.