ئەو بوتڵەی ئاگرەکەی هەڵگیرساندووە - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
"تەندروستی سێ ژن ناجێگیرە"
لە زاخۆ بوتڵێک ئاگری هەڵگیرساند و 11 کەسی سووتاند
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لە دەوروبەری کاتژمێر 12:00 شەوی رابردوو، لەکاتی دروستکردنی “نانی تەنکە”، ئاگر لە بۆتلی غازی ماڵێک لە گەڕەکی شقای زاخۆ دروستبووە، بەهۆیەوە 11 کەس سووتان و ئاگر گەشت بە جەستەیان.
رووداوەکە چۆن بوو؟
کاتێک ئەو ژنانەی وەجبەی یەکەمی “نانی تەنکە”یان تەواویان کردووە و بۆ بوتڵی غازیان بۆ دروستکردنی وەجبەی دووەم داناوەتەوە، نەیان زانیوە چەند خولەکێکە غاز لەبۆتلەکە دێتە دەرەوە و لەچوار دەوری ئەو کەسانە بڵاوبووەتەوە کە لەتەنیشت بۆتلی غازەکە بوون و بۆ کات بەسەر بردن پێکەوە کۆبوونەتەوە و سۆعبەتیان کردووە، دوو ژنیش لەو کاتەدا خەریکی ئامادەکردنی ئاگر بوون.
کاتێک بە چەرخ هەوڵی داگیرسانی نان دروستکردنەکەیان داوە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی غازەکەوە ئاگرەکە چوار دەوریانی گرتووە و سەرجەمیان بەرێژەی جیاجیا سووتان و هاواریان کردووە، تا دراوسێکانیان بەهانایانەوە بچن.
دوای کوژانەوەی ئاگر بەو کەسانەوە، دراوسێکانی ئەو دوو خێزانە هەموویان بەئۆتۆمبێلێ تایبەت گواستوویاننەتەوە بۆ فریاکەوتنی زاخۆ، بەهۆی رێژەی زۆری سوتانیان پزیشکانی فریاکەوتنی زاخۆ یەکسەر بەئەمبۆڵانس سەرجەمیانی رەوانەی نەخوشخانەی سوووتاوی دهۆک کردووە.
رێژەی سوتانی کەسەکان و تەمەنیان؛
هەڤەند نەشوان 14 ساڵ 20% سووتاوە.
حوسێن رەمەزان 14 ساڵ 45% سووتاوە.
غەزال میرزا 54 ساڵ 20% سووتاوە.
سولاف نەشوان 18 ساڵ 60% سووتاوە.
شرین یوسف 47 ساڵ 60% سووتاوە
نورا نەشوان 24 ساڵ 90% سووتاوە.
بهار فەتاح 55 ساڵ 35% سووتاوە.
ئاڤەند نەشوان 4 ساڵ 18% سووتاوە.
لەیلا کەمال 28ساڵ 30% سووتاوە.
رەمەزان میرزا 56 ساڵ 25% سووتاوە.
یەکێکی دیکە لەوان، رێژەی سوتانی کەمبووە و ئێستا دوخی تەواو جێگیرە.
ئەمیر عەلی، وتەبێژی تەندروستی زاخۆ دوای پێدانی رێژەی سوتانی ئەو کەسانە بە 964 وت، ئێستا سەرجەمیان لەژێرچاودێری پزیشکاندان لەنەخوشخانەی سووتاوی دهۆک، بەداخەوە دوخی تەندروستی سێ لەو ژنانە ناجێگرە، بەڵام ئەوانی دیکە رێژەیان کەمە و ئێستا چارەسەری وەردەگرن.