وێنەی دوو بێچوەسەگی مردوو کەسەر گۆڕی وەلی دێوانە. گرافیکی 964
بەڵێنی چارەسەر دراوە
لاشەی دوو بێچوە سەگی مردوو لەسەر گۆڕی وەلی دێوانە دۆزرانەوە
ئەحمەد عەبدوڵا
لە دوێنێ شەوەوە وێنەیەکی گۆڕی وەلی دێوانەی شاعیر، کە دوو بێچوە سەگی مردووی لەسەرە، سۆشیاڵ میدیای تەنیوە، سەرەتا وێنەکە لەلایەن ئارام حاجی شاعیر و رۆژنامەنووسی ئەدەبییەوە بڵاوکرایەوە و دواتر چەندین چالاکوان و رۆژنامەنووس وێنەکەیان بڵاوکردەوە و ناڕەزاییان لەسەر ئەو کارە دەربڕی.
ئارام حاجی، شاعیر و رۆژنامەنووسی ئەدەبی بە 964ی راگەیاند، دوانیوەڕۆی 19ی مانگ ناسیاوێکی لە گۆڕستانی سەیدسادق ئەو دیمەنەی بینیوە و وێنەی گرتووە و بۆ ئەوی ناردووە، ناسیاوەکەی وتوویەتی بێچووە سەگەکان بۆگەن ببوون، هەر چۆن هەوڵیداوە کە لایان ببات، نەیتوانیوە چونکە ترسی هەبووە بە تەواوی بەسەر گۆڕەکەدا بتەقێت و بڵاوببێتەوە.
ئارام حاجی وتیشی، بڕوایان وایە، کە بە “دەستی ئەنقەست” لاشەی ئەو بێچووە سەگانە خراونەتە ئەوێ، چونکە گڵکۆی گۆڕەکەی نزیکەی نیو مەتر بەرزە و سەگەکان خۆیان ناچنە ئەوێ.
هەر دوێنێ وا بڵاوکرایەوە، دەزگای کەریمی عەلەکە بڕیاریداوە گۆڕی وەلی دێوانە نۆژەن بکاتەوە، 964 پەیوەندی بە شاخەوان سدیق، بەڕێوەبەرى دامەزراوەکە کرد و وتی، فڕێندانى لاشەى دوو بێچووە سەگ لەسەر گۆڕى شاعیرى ئەویندار و خۆشەویستى وەلى دێوانە لە گۆڕستانى شارۆچکەى سەیدسادق، کارێکی ناشیرین و ناخهەژێنە و پێدەچێت بە مەبەست لەسەر ئەو گۆڕە دانرابن”.
شاخەوان سدیق وتیشی، وەک وەڵامێک بۆ ئەو کارە گۆڕەکە نۆژەن دەکەنەوە و داواشی لە بەرپرسانى ئیدارى و رۆشنبیرى سەیدسادق کرد هاوکاریان بن.
وەلید کوڕی کوێخا محەمەد ناسراو بە وەلی دێوانە، شاعێرێکی ناسراوی کوردی سەدەی ھەژدەیەم بووە، هۆنراوەکانی زیاتر بە شێوەزاری هەورامانی بووە و پشتاوپشت لەسەر زار گواستراوەتەوە، زۆربەی شیعرەکانی بۆ خۆشەویستی و لێکدابڕانی “شەم” بووە.
وەلی دێوانە لەم پارچە شیعرەیدا وەسیەت دەکات کە گۆڕەکەی چۆن بێت:
یاران وەسیەتم ئەمە بێت لاتان
هەر چەن کەوتوومە دوورە وڵاتان
تەنیا گۆڕەکەم لە رێی خێڵان بێ
نزیک هەوارگەی جاف و گۆران بێ
کێلێکی بەرزیش بە قەت باڵای (شەم)
لە ژوور سەرم بێت، بێ زیاد و بێ کەم
چەند وێنەیەکی گۆڕەکەی وەلی دێوانە کە لە وێنەیەکیان یەکێک لە بێچووە سەگەکان دەرچووە: