پۆلیسی سلێمانی؛
دوو تۆمەتبار دەستگیرکران کە هەوڵی دزینی ئۆتۆمبێلیان دابوو
ژێوار خدر
هەوڵێکی دزینی ئۆتۆمبێل لە گەڕەکی رزگاری شاری سلێمانی شکستی هێنا و دوو تۆمەتبار بەر لەوەی دزیەکەیان بکەن، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران و پۆلیسیش دەڵێت، ئەم دوو کەسە پلانیان هەبووە چەند ئۆتۆمبێلێک لەناو گەراجی ماڵێکی چۆڵدا ببەن.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، دوای ئەوەی هاوڵاتییەک پەیوەندی بە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی رزگارییەوە کردووە و ئاگاداری کردوونەتەوە لە هەبوونی دوو کەس لەناو ماڵەکەی، بە فەرمانی دادوەر رێکارەکان دەستیانپێکردووە و مەفرەزەکانی پۆلیس پاش کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون، توانیویانە هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن کە دوای هەوڵی دزینەکە هەڵاتبوون.
دەشڵێت، هەردوو تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و یەکێکیان پێشتریش لەسەر دۆسیەی هاوشێوەی دزیکردن دەستگیرکراوە، لە ئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە تا رێکارە یاساییەکانیان بەرامبەر بگیرێتەبەر.