رێکخراوێک پێشنیار چی دیکە دەکات؟

داواکرا هەڵەبجە بکرێ بە پایتەختی ژینگەی عێراق

ئەحمەد مستەفا

لە کاتێکدا جیهان بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی ڕووبەڕووی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵی و بەبیابانبوون بوونەتەوە، پاراستنی ژینگە چیتر دروشمێکی کاتی نییە، بەڵکو ئەرکێکی نیشتمانی و پێویستییەکی ژیانییە.

ئەمە قسەی رێکخراوی ئایندەیە بۆ پاراستنی ژینگە.

رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە جەخت لەسەر ئامادەیی تەواوی خۆی دەکاتەوە بۆ هاوکاری لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان لە پێناو پاراستنی سروشت و بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام، وە لەو راگەیەندراوەدا کە 964 بینوویەتی، پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی هەموو ژینگەپارێزان  کردووە.

وە دەڵێن، لەم سۆنگەیەوە، رێکخراوەکەیان ئەم چەند خاڵەی خوارەوە وەک داواکاری و پێشنیاری ستراتیژی دەخاتە بەردەم ڕای گشتی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان:

. ڕاگەیاندنی هەڵەبجە وەک، پایتەختی ژینگەی عێراق.
داوا دەکەین هەڵەبجە، بەهۆی مێژووی قوربانیدانی و پێگە سروشتییە تایبەتەکەی، بە فەرمی لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەک پایتەختی ژینگەی عێراق، بناسرێت و بکرێتە ناوەندی پڕۆژەکانی گەشەپێدانی بەردەوام و شارە ژینگەییەکان.

. ڕاکێشانی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان.
پێویستە هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ سوودوەرگرتن لە سندوق و بەرنامە نێودەوڵەتییەکانی کەشوهەوا، بەتایبەتی بۆ پشتیوانیکردنی پڕۆژەکانی بوژاندنەوەی ژینگە، پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان و بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەڵەبجە.

. پاراستنی دارستانەکان و بەرەنگاربوونەوەی ئاگر.
دارستانەکانی کوردستان سامانی نەتەوەیی و میراتی نەوەکانن. داواکارین لایەنە پەیوەندیدارەکان هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ دابینکردنی تەکنەلۆژیا و ئامرازە پێشکەوتووەکانی کوژاندنەوەی ئاگر (وەک هێلیکۆپتەری تایبەت)، بە مەبەستی کەمکردنەوەی زیانە ژینگەییەکان و پاراستنی سروشت.

. بڵاوکردنەوەی کولتووری ژینگەپارێزی
بانگەوازی گشت دامەزراوە پەروەردەیی، ئایینی و میدیاییەکان دەکەین کە هۆشیاریی ژینگەیی بکەنە بەشێکی سەرەکی لە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان، چونکە پاراستنی ژینگە لە گۆڕینی ڕەفتاری تاکەکانەوە دەست پێدەکات.

داواکارییە یاسایی، دارایی و کارگێڕییەکان تایبەت بە هەرێمی کوردستان:

بۆ ئەوەی ژینگە لە کوردستاندا ببێتە کارە سەرەکیەکانی باڵای حکومەت و ژینگەیەک بۆ کارکردن بڕەخسێنرێت، داواکارین ئەم هەنگاوە کردەییانە بنرێن:

. وەزارەتبوونی دەستەی ژینگە: گۆڕینی “دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە” بۆ “وەزارەتی ژینگە”، تاوەکو خاوەن بڕیاری سیاسی و دارایی بێت لە ئەنجومەنی وەزیراندا.

. هەموارکردنەوەی یاسای ژینگە: دەستکاریکردنی یاساکان بۆ توندوتۆڵکردنی سزاکان بەرامبەر بە سەرپێچیکاران و گونجاندنیان لەگەڵ پێشهاتە سەردەمییەکان و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

. کاراکردنەوەی سندووقی ژینگە: چالاککردنەوەی دارایی سندووقی پاراستنی ژینگە، بۆ ئەوەی داهاتەکانی بۆ پڕۆژەکانی چاندنی دار، پاککردنەوەی ژینگە و پشتگیریکردنی پڕۆژە ژینگەییەکان تەرخان بکرێن.

. بەفەرمیکردنی کاری خۆبەخشی: داننان بە “کاری خۆبەخشی” لەلایەن حکومەتەوە و هەژمارکردنی وەک بەشێک لە خزمەتی گشتی و ئەزموونی کار، بۆ هاندانی زیاتری گەنجان و ڕێکخراوەکان بۆ خزمەتکردنی ژینگە.

. دامەزراندنی هێزی پاراستنی ژینگە و سەیرانگاکان: پێکهێنانی هێزێکی تایبەتمەند بۆ چاودێریکردنی سەیرانگاکان و دارستانەکان، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە سەرپێچییەکان و پاراستنی سروشت لە ئاگرکەوتنەوە و وێرانکاری.