قایمقامیەتی هەولێر یەکەم هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ڤەیپی ئەنجام دا
964+
پێشەوا محەمەد
قایمقامیەتی هەولێر یەکەم هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ڤەیپ و نێرگەلەی ئەلیکترۆنیی ئەنجام دا و قایمقامیش دەڵێت، بە تووندوتۆڵی رێگری لە فرۆشتنی دەکەن.
لە هەڵمەتەکەی قایمقایەتی هەولێردا، کە لەناو بازاڕی هەولێر ئەنجام درا، دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر ڤەیپ و نێرگەلەی ئەلیکترۆنیدا گرت و نۆ شوێنیشیان لەسەر فرۆشتنی داخست.
بڕیارەکە هی وەزارەتی تەندروستی و بازرگانییە، کە فرۆشتنی ڤەیپ و نێرگەلەی ئەلیکترۆنی بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە 964ـی راگەیاند، ئەوە یەکەم هەڵمەتی لیژنەکانی قایمقامیەتی هەولێرە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستی و بازرگانی.
وتیشی، “ئەو شوێنانە ئەو ڤەیپ و نێرگەلە ئەلکترۆنییانە بفرۆشن دادەخرێن و دۆسییەشیان بۆ دەکرێتەوە و دەدرێن بە دادگا و دادوەر دواتر بڕیاریان لەبارەوە دەدات”.
بە پێی وتەی قایمقامی هەولێر، رێکلامکردن و جوان پیشاندانیشیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغەیە و رێگەپێدراو نییە.
لیژنەکانی قایمقامیەتی هەولێر ساڵی رابردوو ههزار و 98 شوێنیان داخستووە، کە 755 هۆتێل و رێستۆرانت و نانەواخانە و مەساج و دوکانی مەی فرۆشتن بوون و لهناو ئهو ژمارهیهش 343 کۆکاگای دەرمان و تاقیگە بوونیان هەبووە، هەروەها 294 ملیۆن دینار بژاردن بۆ شوێنكارهكان كراوه كه سهرپێچییان كردووه.