گەنجانی خورماتوو لە گەرمای هاویندا لە ناو پڕۆژەی ئاوی قەزاکە کات بەسەر دەبەن، وێنە: ئەرشیفی 964
ئەمڕۆ و سبەینێ
گەرماى زیاتر بەڕێوەیە
964+
وریا فەتاح
هەر دۆخى ناوچەکە و ململانێکان نین کە گەرم دەبن، بەڵکو کەشى هەرێمیش روو لە گەرمییە و پلەکانى گەرما بەرەو بەرزبوونەوە دەچن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی 08-06-2026، ئاسمان بەگشتی ساماڵ دەبێت و خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت کە لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتردایە لە کاتژمێرێکدا.
لەبارەى پلەکانى گەرما، کەشناسى پێشبینى کردووە کە پلەکان بەرەو بەرزبوونەوە بچن بەراورد بە کەشى دوێنێ.
بۆ سبەی سێشەممە رێکەوتی 09-06-2026، پێشبینی دەکرێت ئاسمان ساماڵ بێت لەگەڵ پەیدابوونی پەڵەهەوری جیاجیا لە ناوچە شاخاوییەکان. خێرایی با بە هەمان شێوەی ئەمڕۆ 10 بۆ 20 کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا و ئاراستەکەی باکووری رۆژئاوا دەبێت، بەڵام لە هەندێک ناوچە و سنووری پارێزگاکان کەمێک چالاکتر دەبێت و دەگاتە سەرووی 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و پلەکانی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ کەمێک زیاتر بەرز دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ ئەمڕۆ و سبەی لە شارەکان بەم شێوەیە دەبن:
هەولێر: ئەمڕۆ 38، سبەی 39
پیرمام: ئەمڕۆ 32، سبەی 33
سلێمانی: ئەمڕۆ 35، سبەی 36
چەمچەماڵ: ئەمڕۆ 38، سبەی 39
دهۆک: ئەمڕۆ 37، سبەی 38
زاخۆ: ئەمڕۆ 38، سبەی 38