نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لەگەڵ سودانی. وێنە:لاپەڕەی مامۆستا ئاری پشدەری.
لە کۆبوونەوەیەکدا
سودانی شەش بەڵێنی بە مامۆستایانی ناڕازی داوە
964+
ژووری هەواڵ
مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن، دوێنێ شەممە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە و داواکاری مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینانیان پێگەیاندووە و ئەویش شەش بەڵێنی پداون کە بڕیارە لە ساڵی نوێدا جێبەجێبکرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 31.12.2023، مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، شەش بەڵێنیان لەلایەن سودانی پێدراوە و “دەرگای قوتابخانەکان ئەو کاتە دەکرێنەوە کە بەڵێنەکان بوون بە کردار.”
لە بارەی بابەتی قەرەبووکردنەوەی خوێندن، مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن دەبێت حکومەتی هەرێم میکانزیمێکی بۆ دابنێت.
ئەو بەڵێنانەی کە سەرۆکوەزیرانی عێراق بە مامۆستایانی داوە ئەمانەن:
1 – بۆ ساڵی نوێ چارەسەری کێشەی دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکرێت
2 – هەمواری یاسای بودجەی گشتی لە حکومەت ئامادەیە و لە رێککەوتی 9.1.2024 لە پەرلەمان دەبێت و لە ماوەیەکی کەمدا هەموار دەکرێتەوە
3 – مامەڵەی یەکسان لەگەڵ فەرمانبەرانی سەرجەم پارێزگاکان دەکان
4 – لقی بانکی رەشید و رافیدەین لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە
5 – فشار دەکاتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ
6 – چارەسەری بابەتی جیاوازی نرخی سووتەمەنی دەکات و بەشەخۆراکی هاوڵاتیان لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
دوێنێش یەکێک لە مامۆستایانی ناڕازی کە لەگەڵ سودانی کۆبووەتەوە نەیویست ناوی بھێنرێت بە 964ى وت، “جگە لە داواکاری مامۆستایان و فەرمانبەران کۆمەڵێک داواکاریمان لەسەر دۆخی ژیانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان، لەبارەی نەوت و بەشە خۆراکی مانگانە و کۆمەڵێک پێداویستیتر، داوە بە سەرۆک وەزیرانی عێراق”.