نیگەران مەبن تیمەکانی مین ئەو کارە دەکەن
ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە سنووری چۆمان دەبیسترێت
فەرهاد حەسەن
کاروباری مینی هەولێر دەڵێت ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لەسنووری قەزای چومان دەبیسترێت و بۆ ئەم مەبەستەش هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە کە نیگەران نەبن چونکە تیمەکانیان تەقینەوەکە ئەنجام دەدەن.
ئاگادارییەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر بۆ دانیشتوانی قەزای چۆمان و ناحیەکانی گەڵالە و سمیلانە، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 24.5.2026 لە چاڵاکیەکی لەناوبردنی بە کۆمەڵ، هەڵدەستێت بە لەناوبردنی ژمارەیەک مین و پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی لە بەرزاییەکانی چیای بەردەبووک، بەم هۆیەوە دەنگی تەقینەوەکە بەرز دەبێت.
داواش لە هاوڵاتیان دەکات کە بۆ هیچ مەبەستێکی گەشتیاری و کۆکردنەوەی گیای بەهارە و لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات، لەو ناوچەیە نزیک نەبنەوە و لەکاتی بیستنی دەنگی بەهـێزی تەقەمەنیەکان نیگەران نەبن.