ئەمڕۆ کۆتا رۆژی قەدەغەی راوەماسییە

ماسیگرەکان سەبریان نەما و رۆژێک زووتر وەخۆکەوتن

فەرمان مەلاحەسەن – راپەڕین

ماسیگرەکانی دەڤەری راپەڕین چاوەڕێیان نەکرد قەدەغەی راوەماسی تەواو ببێ و دەستیان بە راو کردەوە.

بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، ئەمڕۆ کۆتا رۆژی قەدەغەی راوەماسییە و لە سبەینێوە راو دەستپێدەکاتەوە بەڵام لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ماسیگرەکان لەبەرەبەیانی ئەمڕۆوە چوونەتەوە ناو ئاوەکان و دەستیان بەڕاو کردووەتەوە.

“لەسەری زێ هەمیشە راو دەکرێت و هەموو جارێک پێش ئێمە کەسانێک دەچنەناو ئاو کە ماسیگری رەسمی نین، ئێمەش بە لایەنی پەیوەندیدارمان وتووە، ئەوان چوون، بۆ ئێمەش نەچین، ئەوانیش دەڵێن، مادام ئەوان چوون، ئێوەش، بڕۆن”، ئەمە قسەی عەلی محەمەد سەرۆکی کۆمەڵەی ماسیگرەکانی راپەڕینە کە لەسەر زێ بچوک و لەکاتی راوەماسی قسەی بۆ مایکی 964 کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ وەزعی ماسی خراپە چوونکە لە کاتی وەرزی قەدەغەی راوەماسی، ماسی راو دەکرێت و نایەڵن بەباشی گەرا بخات.

لە هەرێمی کوردستان هەموو ساڵێک لە مانگی ئادارەوە تا 15ـی حوزەیران راوەماسی قەدەغە دەکرێت، بە مەبەستی پاراستنی سامانی ماسی و رێگەدان بە وەرزی زاوزێ و زیادبوونی ژمارەی ماسییەکان.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری