راپۆرتە ئەمریکییەکان:
ترەمپ پێشنیازێکی “توندتر”ی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ ئاراستەی ئێران کردووە
فەرهاد حەسەن
میدیا ئەمریکییەکان لە راپۆرتەکانیاندا باس لەوە دەکەن کە دۆناڵد ترەمپ پێشنیازێکی توندتری ئاڕاستەی ئێران کردووە بۆ ئەوەی کۆتاییهێنان بەو شەڕەی نێوانیان بهێندرێت.
دەڵێن. ئەوەی ترەمپ ناردوویەتی پێشنیازێکی نوێیە بەڵام “توندتر لەوانەی پێشتر” و تێڕوانینی خۆیەتی بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕ و ململانێیەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.
ناوەڕۆکی پێشنیارەکە و داواکارییە جەوهەرییەکان لەلایەن رۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” و ماڵپەڕی “ئەکسیۆس” بڵاوکراوەتەوە، تیایدا ترەمپ هەڵوێستێکی زۆر توندی بەرامبەر چەند خاڵێکی هەستیار و زیندوو گرتووەتە بەر و دەڵێن، ئامانجی ئیدارەی ئەمریکا لەم هەنگاوە، ئەنجامدانی گۆڕانکاریی بنەڕەتییە لە مەلەفی ئەتۆمی ئێراندا، بەشێوەیەک کە تاران ناچار بکات “سازشی ستراتیژیی بێوێنە” پێشکەش بکات.
لەلایەکی دیکەش سەرچاوە ئاگادارەکان دوو دۆسییەی سەرەکی و گرنگیان بۆ تۆڕی (CBS) باسکردووە و ئاماژە بەم گۆڕانکارییە نوێیانەی ترەمپ دەکەن کە داوایان دەکات، جەخت لەسەر دوو دۆسیەی سەرەکی سەبارەت بە داهاتووی کەشتیوانی و هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز و چارەنووسی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران کە ئاستی پیتاندنیان بەرزە، دەکاتەوە.
سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئێرانیش کە چەند دەخایەنێت تاوەکو وەڵامی ترەمپ بداتەوە، ماڵپەڕی “ئاکسیۆس” لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، پێدەچێت تاران سێ رۆژی پێبچێت تاوەکو وەڵامی پێشنیازەکە بداتەوە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەهۆی نەبوونی پەیوەندی دیجیتاڵی راستەوخۆ و قووڵیی ئەو ململانێیەی لە نێوانیاندا هەیە، پڕۆسەی گەیشتن بە وەڵامەکە کات دەخایەنێت.