کۆمپانیاکان زەوییەکانیان بەکاردێنن

بۆ قەرەبوکردنەوە ژمارەیەک جوتیار لە بەردەم ئیدارەی گەرمیان گردبونەتەوە

میلاد جەلال – گەرمیان

جوتیارانی گوندەکانی سنووری ناحیەی سەرقەڵا لە بەردەم ئیدارەی گەرمیان گردبونەتەوە، دەڵێن ماوەی دوو ساڵە ھیچ بڕە قەرەبویەکی زەویەکانیان وەرنەگرتوە، کە کۆمپانیا نەوتیەکان کاری تێدا دەکەن.

خاوەن ئەو زەویانە ژمارەیان 98 جوتیارە، دانیشتوی ھەریەک لە گوندەکانی میل قاسم، حەسیرە، ملە سورە، کەوا چەرموو، حاجی عەواد، کارێزەن.

ھیوا رۆستەم نوێنەری خۆپیشاندەران بە 964ى وت، “گرێبەستمان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە ھەیە کە کاری دەرھێنانی نەوت لە سنورەکەمان دەکەن، چونکە ئەو جوتیارانەی زەویەکانیان بەر ئەو کۆمپانیایانە کەوتووە ساڵانە قەرەبوو دەکرێنەوە، بەڵام ئەوە ماوەی دوو ساڵە ھیچ قەرەبویەک نەکراوینەتەوە و زەویەکانیشمان بەکاردەھێنرێن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “نازانن بە چ ھۆکارێک قەرەبوکردنەوەکان وەستاون، داوا دەکەین جگە لەوەی قەرەبووی ئەو دوو ساڵەمان بۆ بگەڕێتەوە، لە داھاتووشدا قەرەبوەکان بەردەوام بێت”.

بۆ کێشەی ئەو جوتیارانە پەیوەندیمان بە تەھا ئیبراھیم بەرێوەبەری ناحیەی سەرقەڵا کرد، ئەو بە 964ى وت، “پشتگیری تەواوی داواکاری ئەو جوتیارانە دەکەین و مافی خۆیانە قەرەبوو بکرێنەوە، لەھەوڵداین بۆ ئەوەی گرفتەکانیان چارەسەر بکرێت و قەرەبوو بکرێنەوە”.

بەرێوەبەری ناحیەی سەرقەڵا دەڵێت، لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە قەرەبوەکە راگیراوە و بە ئەوانیش نەوتراوە ھۆکارەکەی چیە، لە ھەموو ئەو ناوچانەی زەوی بەر کاری کۆمپانیا نەوتییەکان کەوتووە قەرەبویان وەستاوە و تەنیا گەرمیان نیە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی