ریشسپى و پیاوماقوڵانى گوندى لبانە چەند بڕیارێکیان دەرکرد
رێنمایى تایبەت بەخۆیان دەردەکەن
ریشسپى و پیاوماقوڵانى گوندێکى پشدەر راوکردن قەدەغە دەکەن
وریا فەتاح
کەسایەتی و ریشسپیسانی گوندی “لبانە” لە سنووری قەزای پشدەر، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا کۆمەڵێک بڕیار و ڕێنمایی نوێیان بۆ رێکخستنی کاروباری ناوخۆیی گوندەکە و پاراستنی ژینگەی ناوچەکە پەسەند کرد، هاوکات جەختیان لەوە کردەوە کە سەرپێچیکاران رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە کە لە پەیجى گوندەکەیان بڵاویان کردووەتەوە، بڕیارەکان بەم شێوەیەی خوارەوە جێبەجێ دەکرێن:
یەکەم: قەدەغەکردنی راوکردن بە هەموو شێوازەکانییەوە لە تەواوی سنووری گوندەکەدا.
دووەم: تەلبەندکردنی شوێنە گشتییەکان بێ وەرگرتنی رەزامەندیی دەستەی ریشسپیسان قەدەغەیە.
سێیەم: بڕینی داری تەڕ بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
چوارەم: رێگەنەدان بە هێنانی ئاژەڵی کەسانی دەرەوەی گوند بۆ ناو سنووری گوندی لبانە.
پێنجەم: فرۆشتنی پوش و پاوەنی گوندەکە و تەرخانکردنی داهاتەکەی بۆ چاککردنی رێگاووبان و دابینکردنی پێداویستییە گشتییەکانی گوندەکە.
شەشەم: قەدەغەکردنی هاوکاریکردن یان هێنانی کەسانی دەرەوەی گوند بۆ مەبەستی راوکردن و بەئامانجگرتنی راوگەکان، ( ئەم بڕیارە تەنیا بۆ پاراستنی ژینگەی ناوچەکەیە و کەسانی میوان ناگرێتەوە).
دەستەی ریشسپیسانی گوندی لبانە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پابەندبوون بەم بڕیارانەوە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی سروشتی دەڤەرەکەیە، و هەر کەسێک پێشێلکاری بکات، بەپێی رێکارە یاساییەکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.