هەزار و 750 پاس

بەنزینخانەی تایبەت بۆ پاسەکانی سلێمانی دیاریکرا؛ لیتری بە 750 دینار دەبێت

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانى

بە مەبەستی ئاسانکاری و جێگیرکردنی نرخی کرێی هاتوچۆ، سێ بەنزینخانەی تایبەت بۆ پاسەکانی گواستنەوەی گشتی لە ناو شاری سلێمانی دیاری دەکرێن و بەنزینی پاڵپشتیکراویان پێدەدرێت.

ئازاد ئەحمەد، سەرۆکی سەندیکای شۆفێران بە 964ـى راگەیاند، لە ئێستادا وەک هەنگاوی یەکەم، بەنزینخانەیەک بۆ هێڵی پاسەکانی (راپەڕین، تاسلوجە، بەکرەجۆ) دیاریکراوە کە دەکەوێتە سەر رێگای تاسلوجە – سلێمانی.

سەرۆکی سەندیکای شۆفێران ئاماژەی بەوەش کرد، لە رۆژانی داهاتوودا دوو بەنزینخانەی دیکەش بۆ پاسەکانی ناو شار دیاری دەکرێن، یەکێکیان دەکەوێتە سەر رێگای عەربەت و ئەوەی دیکەشیان لەسەر شەقامی شەست مەتریی شاری سلێمانی دەبێت.

لەو بەنزینخانانەی کە دیاریکراون، شۆفێرانی پاس دەتوانن بەنزین بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک وەربگرن، ئەمەش وا دەکات کرێی هاتوچۆی هاووڵاتیان وەک خۆی بمێنێتەوە کە بۆ هەر سەرنشینێک 750 دینارە.

بەپێی ئامارەکانی سەندیکای شۆفێران، لە ناو شاری سلێمانیدا 22 هێڵی جیاوازی گواستنەوە هەیە، کە سەرجەمیان 1750 پاس لەخۆدەگرن و رۆژانە ئەرکی گواستنەوەی هاووڵاتیان لە ناو شارەکەدا جێبەجێ دەکەن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح