چارەنووسی خانمە جەنگاوەرەکانی رۆژئاوا دیاریکرا

یەپەژە دەڵێت؛ له‌گه‌ڵ دیمه‌شق رێكه‌وتین و شه‌ڕڤانانمان وەک هێزێکی تایبەت یەکدەخرێن

فەرهاد حەسەن

یەکەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) رایگه‌یاند، فەرماندەییەکەیان لەگەڵ شاندێکی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی راگوزه‌ر لە دیمەشق كۆبونه‌ته‌وه‌ و رێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئەوان وەک هێزێکی تایبەت و رێکخراو دەخرێتە ناو وەزارەتی ناوخۆوە و تایبه‌تمه‌ندیان ده‌پارێزرێت.

(یەپەژە) له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، باس لەوەدەکات کە له‌میانی كۆبونه‌وه‌كه‌دا به‌ وردی پرسی ئاسایش و سه‌قامگیری سوریا و داهاتوی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی تاوتوێ كراوه‌.

کۆبونەوەکە بە “ئەرێنی و بنیاتنەر” باسدەکات و کۆبونەوەکان بەردەوام دەبن بۆ تەواوکردنی پرۆسەی یەکگرتن.

بەپێی ئەو هەواڵانەی سەرچاوەکانی حکومەتی سوریا بڵاویان کردووەتەوە‌، ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی سوریا بۆ چەند کاتژمێرێک لەگەڵ نەورۆز ئەحمەد، سەرکردە لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) کۆبوەتەوە، هەردولا گەیشتونەته‌ رێککەوتن بۆ په‌یوه‌ندیكردنی شه‌ڕڤانانی یەپەژە بە وەزارەتی ناوخۆوە، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای سوریا رەتیکردەوە بیانخاتە ناو ریزەکانیەوە.

یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە ساڵانی شەڕی داعشدا هاوپه‌یمانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شه‌ڕی دژی داعش بوون، رۆڵی گرنگیان هه‌بوو، له‌ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی داعش، داوای چوونە ناو سوپای سوریایان دەکرد، بەڵام دیمەشق چەندینجار ئه‌و داوایه‌ی رەتکردەوە، دواجار پێشنیازی حکومەتیان بۆ تێکەڵکردنیان بە وەزارەتی ناوخۆ قبوڵكرد.

سێشەممەی رابردو 25.8.2026 مه‌زڵوم عەبدی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و بەناو “خۆبەڕێوەبەریی کورد” و سەرجەم پێکهاتە سەربازیی و مەدەنییە سەربەخۆیەکانی راگەیاند، ئەوەش یەکگرتنی تەواوەتییان بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا پشتڕاستکردەوە.

لە وتارێکدا کە سەرەتا بە زمانی عەرەبی و دواتر بە کوردی لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق پێشکەشی کرد، عەبدی وتی، “کۆتایی بە ئەرکی هێزەکانی سوریای دیموکرات رادەگەیەنین و بە بەرپرسیارێتی تەواوەوە هەڵوەشاندنەوەی وەک هێزێکی سەربازی سەربەخۆ ڕادەگەیەنین”.