بۆمبێکی چێندراو لە نزیک کۆشکی داد تەقیوەتەوە

تەقینەوەیەک لە حەسەکە دوو گیانلەدەستدانی لێکەوتەوە

ژێوار خدر

تەقینەوەیەک لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان روویدا، بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس کە یەکێکیان منداڵە، رووداوەکە لە رێگەی بۆمبێکی چێندراوەوە لە نزیک کۆشکی دادی ئەو شارە روویداوە و زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە.

میدیاکانی رۆژئاوا دەڵێن، تەقینەوەکە لە نزیک کۆشکی دادی حەسەکە روویداوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان تا ئێستا گیان لەدەستدانی دوو کەس راگەیاندراوە و ئاماژە بەوەش کراوە، یەکێک لەو کەسانەی لەو رووداوەدا گیانی لەدەستداوە منداڵە، تا ئێستاش لایەنی بەرپرسیار لەو کارە دیار نییە و زیانەکان تەنیا گیانلەدەستدان بووە.

دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ناوچەکە گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دۆزینەوەی سەرەداوی ئەو کردەوەیە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی ناسنامەی ئەوانەی بۆمبەکەیان چاندووە بڵاونەکراوەتەوە .