جەخت لە پاراستنی مافی بەشداربووانی دەکاتەوە
کۆڕەک تیلیکۆم تانە لە بڕیارەکەی دادوەری دەگرێت
ژێوار خدر
بۆ رێگریکردن لە پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکانی و پاراستنی مافی ملیۆنان بەشداربوو، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم پەنای بۆ دادگاکانی عێراق بردووە و بە فەرمی تانەی لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی “فەرمانسالاری” (الأمر الولائي) گرتووە، ئەوەش دوای ئەو فشارە یاساییانەی لە چەند رۆژی رابردوودا رووبەڕووی بووەوە.
کۆڕەک تیلیکۆم رایگەیاند، بە پشتبەستن بە بنەماکانی دادپەروەری لە عێراق و بۆ پاراستنی تەواوی مافە یاساییەکانی، مافی خۆی بەکارهێناوە بۆ تانەدان لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی فەرمانسالاری و دەشڵێت، هەنگاوە یاساییە گەرەنتییە بۆ پاراستنی هەموو ئەو مافانەی کە یاسا بۆی دەستەبەر کردوون.
باسی لەوەشکردووە، متمانەی تەواویان بە سیستم و دادوەریی عێراق هەیە و بەڵێنی بە بەشداربووانی داوە کە لە هیچ هەوڵێک درێغی ناکەن بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزارییەکان.
کێشەی سەرەکیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە عێراق پەیوەستە بە قەرز و ململانێی دارایی لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان، کە بەهۆی پابەندنەبوون بە دانەوەی قەرزە کەڵەکەبوەکان (کە بە زیاتر لە ملیارێك و 250 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت)، بووەتە هۆی سەپاندنی سزای توند و راگرتنی خزمەتگوزارییەکانی.