رەشەباو زریانێکی بەهێز مەککەی گرتەوە
زیارەتکاران لەسەر کێوی “رەحمە” پەنایان بۆ زەوی برد؛ زیانەکان نەزاندراوە
فەرهاد حەسەن
ئەمڕۆ زریان و ڕەشەبایەکی توند شاری مەکەی پیرۆزی لە سعودیە گرتەوە، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکاران و حاجیان لە مزگەوتی حەرام و ناوچە پیرۆزەکانی دەوروبەری.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، توندی رەشەباکە لەسەر کێوی رەحمە گەیشتووەتە ئاستێک کە زیارەتکاران نەیانتوانیوە بە پێوە بوەستن، بۆ پاراستنی هاوسەنگیی خۆیان و رێگریکردن لە کەوتن و خلیسکان، حاجیان ناچار بوون لەسەر زەوی دابنیشن و دەست بە بەردەکانەوە بگرن.
ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕەی کەشوهەوا دیمەنێکی جیاوازی لە مەککە و ناوچەکانی دەوروبەری دروست کردووە و تاوەکو ئێستاش هیچ زانیارییەک دەربارەی زیانی گیانی بەهۆی ئەم زریانەوە رانەگەیەندراوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی سعودیە داوایان لە زیارەتکاران کردووە وریای خۆیان بن و لە شوێنە بەرزەکان دووربکەونەوە تاوەکو کەشوهەوا جێگیر دەبێتەوە.