تاوانی گەورە و مەترسیدار
دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ “راپۆرتنووس”ەکەی سەردەمی ئەسەد دەرکرد
فەرهاد حەسەن
دادگای تاوانەکانی چوارەم، کە تایبەتە بە (دادپەروەریی راگوزەر) لە دیمەشق، ئەمڕۆ پێنجشەممە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ تۆمەتبار عەبدولناسر بڕاقی دەرکرد، دوای ئەوەی بە چەندین تاوانی گەورە و مەترسیدار مەحکوم کرابوو.
عەبدولناسر بڕاقی، پێشتر وەک موخبیر (سیخوڕ) لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی رژێمی پێشووی سووریا کاری کردووە و ناوەکەی بەوە بەستراوەتەوە کە راپۆرتی ئەمنیی لە دژی هاوڵاتیان نووسیوە و بووەتە هۆی دەستگیرکردن و بێسەروشوێنکردنی دەیان کەس، کە تاوەکو ئێستاش چارەنووسی بەشێکیان نادیارە.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردوەتەوە، کە تۆمەتەکانی بریتی بوون لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی هاوڵاتیان، زەوتکردنی ئازادی و دەستگیرکردنی نایاسایی، دەستێوەردان لە کوشتنی بە ئەنقەست، ئەشکەنجەدان کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدان و بوختانی تاوانکاری.
دادگا رایگەیاند کە ئەم کارانەی تۆمەتبارەکە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، وەک “تاوانی جەنگ و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی” هەژمار دەکرێن، بۆیە بڕیاریدا بە توندترین سزا کە لەسێدارەدانەو هەروەها بڕیاریدا دەست بەسەر هەموو مۆڵک و ماڵەکانیدا بگرێت و بخرێتە خزمەتی دەوڵەتەوە.
دادوەر جەختی کردەوە کە بەهۆی گەورەیی تاوانەکانییەوە، هیچ بڕگەیەکی یاسایی بۆ سوککردنی سزاکەی نایگرێتەوە.
دادگاییکردنی ناوبراو لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دەستیپێکردبوو و ئەمڕۆ کۆتایی بە دۆسیەکەی هات.