دەسەڵاتەکانى چیین؟
گرنگى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە چیدایە؟
964+
بەهرە محەمەدئەمین
هێشتا بەشێوەی کۆتایی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان پەسەند نەکراوە، بەڵام پرسیارە بەرچاوەکە ئەوەیە، بایەخی ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ خەڵک لە چیدایە؟
لە دەستوری عێراقدا ئەنجومەنى پارێزگاکان یەکەیەکی کارگێڕییە، هاوشانى دەسەڵاتى یاسادانان، ئەرکى چاودێرى و دەرکردنى یاسا و بڕیار و چاودێری کردنە بۆ ئیدارەى هەر پارێزگایەک، بەشێوەیەک بۆیان هەیە بەپێى تایبەتمەندى پارێزگاکە یاساى خۆجێى دابنێن بەو مەرجەی ناکۆک نەبێت لەگەڵ دەستور و یاسا بەرکارەکان کە لە وڵاتدان، یان پێچەوانەى دەستور بن.
هاوشێوەى پەرلەمان، هەر خولێکى ئەنجومەنى پارێزگاکانیش بۆ چوار ساڵە و دەتوانن لە چوارچێوەی پارێزگاکەیاندا سیستمی بەڕێوەبردنی پرۆژەکان دابنین و چاودێری کاری گشت فەرمانگەکانی دەوڵەتیش بکەن.
کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان:
هەر ئەنجومەنێکى پارێزگا، بەپێى ژمارەى دانیشتوانى دیاریکراوە، بەشێوەیەک هەر 200 هەزار کەسێک کورسییەکى بۆ تەرخانکراوە ئەگەر ژمارەى دانیشتوانى لە ملیۆنێک کەس زیاتر بوو، هەروەها نابێت ژمارەى ئەندامانیش لە 35 کەس زیاتر بن، بەڵام ئەگەر پارێزگاکە بچوک بوو ئەوکات نابێت ژمارەى ئەندامەکانى لە 10 ئەندام کەمتر بێت.
سەرچاوەی دارایی ئەنجومەنی پاریزگاکان:
– ئەنجومەنی پارێزگاکان سەربەخۆیی داراییان هەیە کە بودجەیەکە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە لە بودجەی گشتی تەرخان دەکرێت و پێى دەوترێت “بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان”، بەپێی ئەو پێوەرە دەستوورییانەی کە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندی کردوون، سەرۆکی ئەنجومەن یان نوێنەرێکی رێگەپێدراو سەرپەرشتی دەکات.
دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان چین؟
بەهێزترین دەسەڵاتى ئەنجومەنی پارێزگاکان، دارشتنی سیاسەتی گشتی بۆ پارێزگاکانیان و دیاریکردنی ئەولەویەت لە هەموو بوارەکاندا، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانە، لە ئەگەری دروستبوونی ناکۆکی، ئەنجومەنی پارێزگا دوا بڕیار دەدات.
هەڵبژاردنی پارێزگار و دوو جێگرەکەی بە دەنگى دوو لەسەر سێى ئەندامانى ئەنجومەن لەماوەى 30 رۆژدا لە رێککەوتنی یەکەم دانیشتنەوە، یان 50+1 ئەگەر لە گەڕى یەکەم نەتوانرا دوو لەسەر سێ کۆبکرێتەوە.
ئەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتى ئەوەى هەیە، لێکۆڵینەوە لە پارێزگار یان جێگرەکانی بکات بە چەند هۆکارێک لەوانە (بەفیڕۆدانی پارەی گشتی، کەمتەرخەمی و وازهێنان لە ئەرک، یان نەبوونی دەستپاکی و خراپ بەکار هێنانی کار و دەسەڵات).
دەسەڵاتی چاودێری کردنیشیان هەیە بەسەر هەموو چالاکییەکانی وەزارەتەکان لە پارێزگاکەدا، بۆ “دڵنیابوون لە ئەنجامدانی کارەکانیان بە شێوەیەکی دروست”، جگە لە (دادگاکان، یەکە سەربازییەکان، کۆلێژەکان، پەیمانگەکان و بەشەکانی سەر بە حکومەتی فیدراڵی).
گرنگى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان بۆ کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان چییە؟
ئامادەیی کورد بە زۆرینە لە ئەنجومەنی پارێزگاکاندا مەرجی یەکەمی هێشتنەوەی ناوچە جێناکۆکەکانە لە ژێر دەسەڵاتی کورد و دواتریش لە ئەگەری جێبەجێکردنی مادەی 140-دا گەڕاندنەوەی تەواوەتی ئەو ناوچانەیە بۆ سەر نەخشەی هەرێمی کوردستان، کەرکوک بە نمونە.
ئەگەر لە هەڵبژاردندا، کورد لە کۆى 15 کورسییەکەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکدا، زۆرینەى بەدەستبهێنێت واتا نۆ کورسى، ئەوا ئاسانتر دەتوانێت پارێزگار هەڵبژێرێت، بەڵام لە کەمتر لە نۆ کورسی، بۆ یەکلایى کردنەوەى هەڵبژاردنى پارێزگار پێویستى بە رێککەوتنە لەگەڵ پێکهاتەکانى دیکەدا، بۆیە پێگەى کورد لە رووى ئیدارى و سیاسییەوە لە کەرکوک و ناوچەکانی جێناکۆکەکانی دیکە راستەوخۆ بەندە بە ئەنجام و پێگەیان لە ئەنجومەنی پارێزگاکاندا.