"زێلێنسکی"یش دەبینێت

رۆیتەرز: ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆدەبێتەوە

فەرهاد حەسەن

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، بڕیارە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لوتکەی گروپی حەوت لەگەڵ سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆببێتەوە و هەر لەوێش سەرۆکی ئۆکرانیا دەبینێت.

بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا بەو ئاژانسەیان وتووە، لەم هەفتەیەدا دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆدەبێتەوە و بەشداری دانیشتنێکی کارکردن لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا دەکات لە لوتکەی گروپی حەوت لە فەرەنسا.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ترەمپ کۆبوونەوەی جیا لەگەڵ سەرکردەکانی میسر، قەتەر، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، فەرەنسا و هیندستان ئەنجام دەدات. ئاماژەیان بەوەشکردووە، پلانی بۆ کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لەگەڵ زێلێنسکی دانەناوە، بەڵام ڕەنگە هەردوو سەرکردە لە پەراوێزی لوتکەکەدا کۆببنەوە.

بەرپرسێک روونی کردەوە کە ترەمپ بە نیازە بابەتگەلێکی جێی بایەخی هاوبەش لەگەڵ سەرکردەکانی بەشدار لە لوتکەکەدا بوروژێنێت، لەوانە گەشەکردن و گەشەپێدانی ئابووری، بەهێزی زنجیرەی دابینکردن، کۆچبەری نایاسایی، و زیرەکی دەستکرد، بەنیازیشە کار لەسەر بەهێزکردنی زنجیرەکانی دابینکردن بۆ کانزا گرنگەکان بکات کە پێویستن بۆ تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان.

بەرپرسانی ئەو وڵاتە وتوویانە، بڕیارە ترەمپ رۆژی چوارشەممە لە کۆشکی ڤێرسای بەشداری لە خوانێکی ئێوارەدا بکات، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە واشنتۆن.