پێدانی چوکلێت بە خوێندکارانی قۆناغی 12
دەیانهەوێ کەشێکی ئارام لەکاتی تاقیکردنەوەکان دروست بکەن
پەروەردی شارەزوور چوکلێتی بۆ بردن؛ با بزانن هۆڵی نەشتەرگەریی نییە
ئەحمەد مستەفا
بەیانی ئەمرۆ یەکشەممە 14.6.2026، تاقیکردنەوەکانی 12 ئامادەیی دەستیپێکرد، پەروەردەی شارەزوور چوکلێتی داوە بە خوێندکارەکان و دەڵێ، وتوومانە با بەهۆڵی نەشتەرگەریی نەزانن.
هەزار و 36 خوێندکار لە بەشەکانی وێژەیی و زانستی لە سنوری قەزای شارەزوور بەشداری تاقیکردنەوەکانی قۆناغی 12 دەکەن.
وەک پەروەردەی شارەزوور لە راگەیەندراوێکدا باسی کردووە، کاتژمێر 7:00ـی ئەم بەیانییە و لە کاتی دابەشکردنی پرسیارەکان بەڕێوەبەری پەروەردە وەک سەرۆکی لیژنەی تاقیکردنەوەکان لە قەزای شارەزوور، جەختی لە هێمنی و کەشێکی ئارام بۆ خوێندکاران کردووەتەوە.
وەک نەریتی خۆی بۆ سەرجەم هۆڵەکان چوکلێتی دابینکردوە بۆ ئەوەی دابەش بکرێت بەسەر خوێندکاراندا و هۆڵەکانی تاقیکردنەوە بە هۆڵی نەشتەرگەری نەزانن و ئامۆژگاریان بکەن تا دەروونیان ئارام بێت.
