گرفتی جوتیارەکانی کەرکوک چییە؟

عێراق یەک تریلۆن و 540 ملیار دیناری جوتیارانی لایە

کاروان ساڵحی – کەرکوک

ئەمڕۆ یەکشەممە 1.6.2026، بەرێوەبەری گشتی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق بەشداری کرد لە یەکەم رۆژی کردنەوەی دەرگای سەرجەم سایلۆکان بەڕووی جوتیاران.

لەگەڵ وەرگرتنی گەنمەکەی ئەمساڵ، وەزاەتی بازرگانی عێراق بڕی یەک تریلۆن و 540 ملیار دینار قەرزاری جوتیارانی عێراقە.

حەیدەر کازم گەرعاوی بەرێوەبەری گشتی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق بە 964ـی وت، کەرکوک دووەم پارێزگار بوە بۆ بەرهەمی گەنم لەسەر ئاستی عێراق ئەوەش وای کردووە کە چەند ساڵێکە گەنم لە وڵاتانی دراوسێ هاوردە ناکەین.

عەبدوڵا میر وەیس سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگا بە 964ـی وت، ئەمساڵ بۆ یەکەمینجارە نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی کارا دەکرێ جوتیارانی گرفتی ئینتەرنێتیان هەیە، هەروەها دەربارەی شایستە دارایەکانی ساڵی رابردوو پێمان وتراوە، سەرۆک وەزیران نوسراوی کردووە بۆ وەزارەتی دارای چاوەڕوانی ئەوانن.

دەربارەی هاتوچۆی جوتیاران لە بازگەکان قسەمان کردووە ئاسانکاریکان بۆ کراوە، ئەمە قسەی عەبدوڵا میر وەیسە.

دلێر عەبدول جوتیارێکی گوندی سەقزلیە بە 964ـی وت، خوای گەورە رزقێکی پێمان داوە، بەڵام حکومەت قورسی کرووە لەسەرمان، ئەوەی بۆ بازاڕی رەش دەیبات گرفتی هەیە و ئەوەی بۆ سایلۆ دەیبات هەر گرفتی هەیە.

ئەو وتی، بەرنامەی نۆرەی ئەلیکترۆنیان راگەیاندووە، کە ئەوەیش بووەتە کێشە جوتیار بەشێکی خوێندەواری نیە و دواتر شەبەکەی ئینتەرنێت و مۆبایل کوا هەیە لەو دەشتاییە، بۆیە پڕۆسەکە ساڵ بەساڵ قورستر دەکرێت لەسەر جوتیاران.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا