هاوینی هەژاران بەڕێوەیە

“ئەوانەی كەمدەرامەتن موبەریدە و پانکەی کۆن چاكدەكەنەوە”

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

وەرزی گەرما خەریکە دەستپێدەکاتەوە و هاوین نزیکە، ئیتر ئەوانەی هەژار و کەمدەراتن روو لە چاککردنەوەی ئامێرە فێنککەرەوەکانی ماڵەوەیان دەکەن، بازاڕی کۆنەش بۆ فرۆشتنی ئەو بابەتانە گەرم دەبێت.

وەستا هیوا رەحمان كاری چاککردنەوەی موبەریدە و پانكە دەكات لە بازاڕی تەیراوەی هەولێر و بۆ 964 دەڵێت، “كارەكەی ئێمە یەک وەرزە و تەنیا هاوینانە، ئێستا خەڵک زیاتر موبەریدە و پانکە و بابەتی فێنكکەرەوەی نوێ دەكڕن، بەڵام خەڵکانێکیش، ئەوانەی كەمدەرامەتن، دێن چاكی دەكەنەوە، چونکە نوێیان پێناکڕێت”.

وەستایەکەی بازاڕی تەیراوە هەروەها دەڵێت، خەڵک هێشتا باوەڕیان بە هەندێک کەلوپەلی کۆن هەیە، کە کوالێتیان باشترە.

ئەو داوا لە هاوڵاتیان دەكات موبەریدە پلاستیكەكانیان بە باشی هەڵبگرنەوە کاتێک گەرما تەواو دەبێت، چونكە ژەنگ دەگرێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا