227 پڕۆژەى دیکە لە ژێر جێبەجێکردندان

کابینەى نۆ زیاتر لە 3 هەزار کیلۆمەتر رێگاوبانى دروست و نۆژەن کردووەتەوە

وریا فەتاح

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، پوختەی کار و پڕۆژەکانی تایبەت بە کەرتی رێگاوبانی لە ماوەی شەش ساڵی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، جگە لەو سەدان پڕۆژەیەی تەواو کراون، لە ئێستاشدا کارکردن لە زیاتر لە 200 پڕۆژەی دیکە بەردەوامە.

بەپێی ئەو ئامارەی بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا، حکومەت 810 پڕۆژەی رێگاوبانی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژانەشدا، 3 هەزار و 55 کیلۆمەتر رێگا بە شێوەیەکی نوێ دروستکراون یان بە تەواوی نۆژەن کراونەتەوە.

سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانی سەلامەتی و رێکخستنی رێگاکان، فەرمانگەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کاری هێڵکاری بۆ 2 هەزار و 723 کیلۆمەتر رێگاوبان کراوە، هەروەها 19 هەزار و 342 هێمای هاتوچۆ و 62 کیلۆمەتر گاردێڵ (بەربەستی سەلامەتی) دانراون، لەگەڵ دروستکردنی 59 پرد.

روونیشى کردووەتەوە کە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە بەردەوامە و لە ئێستاشدا 227 پڕۆژەی دیکەی پەیوەست بە رێگاوبان لە ژێر جێبەجێکردندان.