وەرزى مەلە و خنکان

هەرێمى کوردستان: لە پێنج رۆژدا چوار خنکان

وریا فەتاح

لەگەڵ بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما، هاوڵاتیان و گەشتیاران لە ئاوى چەم و رووبارەکان دەست بە مەلەکردن دەکەن، بەڵام هەموو ساڵێک چیرۆکى خنکان دووبارە دەبێتەوە و وەرزى مەلەکردن دەبێتە وەرزى خنکان، ئەوەتا تەنیا لەماوەى 5 رۆژدا، چوار کەس لە ئاوى چەم و رووبار و بەنداوەکاندا، خنکاون.

بەپێی بەدواداچوونەکانی 964، لە رێکەوتی 9 تا 13.6.2026، رووداوەکانی خنکان هەریەک لە هەڵەبجە، کۆیە، هەولێر و ئیدارەی راپەڕینی گرتووەتەوە و تەرمى سێ کەسیان هێشتا لە ژێر ئاودان.

زنجیرە کارەساتەکان رۆژی 9ی ئەم مانگە لە هەڵەبجەوە دەستیپێکرد، کاتێک منداڵێکی تەمەن 11 ساڵانی بەنەتەوە عەرەب، کە خەڵکی کەربەلایە و وەک گەشتیار رووی لە ناوچەکە کردبوو، کەوتە ناو ئاوی زەڵمەوە. سەرەڕای گەڕانێکی زۆر، تا ئێستا هیچ سۆراغێک لە تەرمەکەى نییە.

دوای دوو رۆژ و لە 11.6.2026، لە سنوورى پشدەر خنکانێکى تر روویدا، محەمەد حسێن، خەڵکی گوندی خانەڵەی بناری ئاسۆس، ویستی لە ئاوی زێی بچووک بپەڕێتەوە، بەڵام ئاوەکە لەو بەهێزتر بوو و نقومی کرد. دوای رۆژێک لە گەڕان، توانرا تەرمەکەی بهێندرێتە دەرەوە و ئەمە تەنیا تەرمە کە تا ئێستا لەم پێنج رۆژەدا دۆزرابێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 13.6.2026، رۆژێکی رەش بوو، رووبار و بەنداوەکان دووکەسى دیکەیان برد. لە سنووری سەیرانگای بۆگد لە کۆیە، گەشتیارێکی تەمەن 18 ساڵی عەرەب لەناو زێی بچووکدا خنکا و تا نووسینی ئەم هەواڵەش بێسەروشوێنە.

هەر ئێوارەى ئەمڕۆ، لە پایتەختەوە هەواڵێکی دیکەی خنکان بڵاوبووەوە. هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان کە پێشمەرگەیە، بە مەبەستی مەلەکردن چووەتە ناو قووڵایی بەنداوی گۆمەسپان و خنکاوە، چارەنووسی تەرمەکەی ئەمیشیان وەک دوو قوربانییەکەی دیکە، تا ئێستا نادیارە و تیمەکان بەدوایدا دەگەڕێن.